ژمارەیەک پەڕلەمانتار و لەكەسایەتی و نووسەر و مافپەروەر و ئەکادیمی، هەڵمەتێکی کوردستانیانەیان بەرامبەر 100سەد ساڵ ستەمی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر كوردستان لە رێگەی راگەیاندنی ناوەندی سکاڵا دەستپێکرد.
ئەمڕۆ 23ی ئابی2021، لە کۆنگرەیەكی ی رۆژنامەوانیدا ئازاد جندیانی، نووسەر و سیاسەتمەدار وەك یەكێك لەدامەزرینەرانی ناوەندەكە رایگەیاند،”لە 23ی ئابی ئەمساڵ دەوڵەتی عێراق پێدەنێتە 100 ساڵەی دامەزراندنی، و دواتریش بە زۆر پێوەلکاندنی باشووری کوردستان بەو قەوارەیەوە، ئەمەش بە پێچەوانەی ویستی نەتەوەی کورد و پەیماننامەی سیڤەر لە ساڵی 1920ـەوە، لەم 100 ساڵەی دەوڵەتی عێراق هەر لە دامەزراندیەوە تائێستاش دەوڵەتێک بووە لە تێکڕای قۆناغەکاندا هەندێک ماوەی کورتی لێدەرچێت، سەرجەم حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی سەردەمی پاشایەتی و کۆماری لە 1958 و دواتریش سەردەمی رژێمی بەعس تا دەگاتە قۆناغەکانی دوای رژێمی بەعس و بە ئێستاشەوە حکومەتێک بووە، بەرامبەر کورد و کوردستان، وەک نەتەوە و نیشتمانێک بە هەموو پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکانیەوە، داگیرکەرانە و بەشێواز و ئامرازەکانی جۆراوجۆری توند و دژوار رەفتاری کردووە، لە نموونەی گۆڕینی دیمۆگرافی و بە عەرەب کردن و جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان و وێرانکردن و تێکدانی ژینگەی کوردستان”.
وتیشی،”دەرکردنی جولەکەکان و بە زۆر ناردنەوەیان و دەست بەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و شوێنەوارەکانیان، یەکێکی دیکەیە لە تاوانەکانی ئەو دەوڵەتە وەکچۆن ئەوەی پێیکراوە لە گواستنەوەی شوێنەوارە مێژووییەکان بۆ بەغدا و کپ کردنی ئازادییەکان داهێنانە کولتوورییەکانیش تاوانێکی ترە بەرامبەر بە بەشداریکردنی کوردستانیان لە بەرهەمهێنانی بنەماکانی شارستانییەت، لە لایەکی دیکەشەوە دزین و بە فیڕۆدان و بەکارهێنانی سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی کوردستان لە شەڕە وێرانکاریی و سەپێنراوەکان بەسەر خەڵکی کوردستان”.
ئاماژەی بەوەشدا،”خەڵکی کوردستان لەم 100 ساڵەدا زیانی مادیی و مەعنەوەی زۆر و کاریگەری بەر کەوتووە، لە زۆر قۆناغیشیدا بە تایبەتی دوای سەردەمی بەعس و شەڕی داعشیش، کورد چاوی لەوە بووە ئەو هەموو تاوانانەی لە دژی کراون، دەوڵەتی عێراق بە هەموو دامەزراوەکانییەوە داوای لێبوردن بکات، ئەوانەشی کە زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو بکرێنەوە، بەتایبەت ئەنفالکراوانی فەیلی و بارزانییەکان و گەرمیان و بادینان و ناوچەکانی دیکە، هەروەها کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و شێخوەسانان و گۆپتە و ناوچەکانی تر، خۆ دزینەوەی دەوڵەتی عێراق بۆ لە ئەستۆگرتنی تاوانەکان بەهۆی واژۆ نەکردنی پەیماننامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کە پەیوەستن بە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان، ئەگەر ئەم خۆ دزینەوەیە هێندەی خودی تاوانەکانیش نەبێت، ئەوا هیچی لەم تاوانانە کەمتر نییە”.
ئەوەشی خستەڕوو،”ئێستاش زیان پێگەیاندن لە زۆر بواری جیاجیای مادیی و مەعنەوی و سایکۆلۆژی، بەتایبەتی تەعریب بە بەرگە نوێیەکەیەوە، هەروەها هەڕەشەی سەرکوتکردنی سەربازیی لەسەر خەڵکی کوردستان بەردەوامە”.