وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی ڕەتیدەکاتەوە جوڵاندنی هێز بۆ نزیک ماڵی لاهور شێخ جەنگی لەسەر داوای مەسعود بارزانی بێت و دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ شەڕ و ئاژاوە و جوڵاندنی هێزدا نین.

 

 

لە شەوی ڕابردووەوە هێزێکی زۆری ئەمنی چواردەوری ناوچەی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکى یەکێتییان داوە لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی و تائێستاش هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە نەدراوە.

 

لە کەسایەتی و سۆشیاڵ میدیاکانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە جولاندنی هێز بۆ نزیک ماڵی لاهور شێخ جەنگی لەسەر داوای مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی بووە و لە چەند ڕۆژی ڕآبردوودا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی ئەو پەیامەی پێداون.

 

لەوبارەیەوە فارس نەوڕۆڵی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی ڕایگەیاند، “لە سەرەتای کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتییەوە ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە وەک پارتی هیچ پەیوەندییەکمان بەو کێشانەوە نییە و دەستوەردانی تێدا ناکەین.”

 

وتیشی، “وەک پارتی نەک داوای ئەوەمان نەکردووە، بەڵکو بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ جوڵاندنی هێز و شەڕ و ئاژاوە نین.”

 

ئەو بەرپرسەی پارتی لە سلێمانی جەختیشیکردەوە، “ئەو دەنگۆیانەی بلاودەکرێنەوە سەرجەمیان دوورن لە ڕاستییەوە و زۆرینەی لە پەیجە سێبەرەکانەوە بەمەبەست بڵاودەکرێنەوە و هیچ پەیوەندیمان پێیانەوە نییە.”