کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی فایزەر گەیشتە عێراق، کە پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق بڵاویکردەوە، کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی فایزەر گەیشتە بەغدا، کە 415 هەزار ژەمە ڤاکسین لە خۆ دەگرێت.
بە گوێرەی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندوستی عێراق بەمزووانە ڤاکسنەکان هەر لە رێگەی ساردکەرەوەکانەوە، بە سەر پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێن.
تاکوو ئێستا نزیکەی سێ ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی تەندروستی عێراق و کۆمپانیای ڤایزەر هەفتانە کاروانێکی ڤاکسین بۆ عێراق دەنێردرێت، لە هەر کاروانێکیش 10٪ی تا 15٪ی بۆ هەرێمی کوردستانە.
سەبارەت بە وەرگرتنی ڤاکسین لە عێراق، ریاز حەلفی بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بە رۆژنامەی فەرمی عێراقی راگەیاند “ڤاکسینکردن هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی ژمارەی توشبووان و گیان لەدەستدانە بە ڤایرۆسی کۆرۆنایە”.
گوتیشی “تاوەکو 70٪ی خەڵکی عێراق ڤاکسین نەکرێن، مەترسی ڤایرۆسەکە هەر بەردەوام دەبێت”.