قایمقامی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری نانەواخانەکان و سەندیکای کرێکاران کۆبووەوە و دەڵێت، رێککەوتووین کە لەمەودوا هەشت نان بە هەزار دینار دەبێت و گۆڕانکاری بەسەردا نایەت. 
 
 
رۆژی دووشەممە 23-08-2021 نوێنەری نانەواخانەکان و سەندیکای کرێکاران لەگەڵ قایمقامی سلێمانی کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی کێشەی نانەواخانەکان کرد کە خۆی لە گرانبوونی نرخی ئارد و سووتەمەنی دەبینێتەوە. قایمقامی سلێمانی رایدەگەیێنێت “بڕیاردرا نرخی نان وەکو خۆی بمێنێتەوە و هەشت نان بە هەزار دینار دەبێت.”
 
 
قایمقامیەتی سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت “چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بە نوێنەرایەتی تەواوی خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەکان کێشەکانی باس کرد کە خۆی لە گرانبوونی نرخی ئارد و سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا و زۆری ناجی تازەکردنەوەی مۆڵەتدا دەبینێتەوە و فشاری زۆری لەسەر دروستکرد، لەهەمان کاتدا لەخەمی ژیانی هاووڵاتیانیشداین، بەڵام ئێستا فشاری زۆرمان لەسەرەو لە زەرەرداین.”
 
 
لە کۆبوونەوەکەدا ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی پێی راگەیاندوون، کە لە کێشەکانی ئەوان تێدەگات “دەزانین بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە و شارەکەمانن و زەرەرمەندی یەکەم ئێوەن، لە چەند لایەکەوە هەوڵێکی زۆرمان بۆ چارەسەری کێشەکان داوە، ئومێد دەکەین لە ئایندەدا ئەنجامەکەی ببینین.”
 
 
قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، رێگە نادەن بە هیچ جۆرێک ئارد ببرێتە دەرەوە و لە هاتنەناوەوەشدا هەوڵدەدەن رسوماتی لەسەر نەبێت.