ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، سبەینێ بەنزین هەرزان نابێت، لەکاتێکدا وەزارەتى سامانە سروشتییەکان سبەینێی بۆ وادەى هەرزانکردنى دیاریکردووە.

 

عەلى حەمەساڵح ئەمڕۆ دووشەممە لەبەیاننامەیەکدا راگەیاند “بەڵێن بوو لە سبەینێوە لیترێک بەنزین لەسەرتاسەری کوردستان بکرێتە ٦٥٠ دینار! دوای بەدواداوچون دەرکەوت سبەی شتی وا نیە”.

 

وتیشى “حکومەت یەک ملیۆن لیتر بەنزینی پاڵاگەی کاری  ھەیە بە قۆرخکاری دەیداتە دوو کۆمپانیا بە ٦٢٠ دینارو ئەوانیش بە جوملە دەیدەن بە ٨٠٠ دینار بە نزینخانەکانی دیکە! ڕێگا نادرێت گازوایل بەنزینیش لە بازگەکانەوە داخڵی ھەولێر بێت!! ئەمڕۆ تەنی گازوایلی لاناس لە ٤٥٠ دۆلارەوە کرا بە ٥٠٠، واتە: گازوایلیش گران دەبێت”.

 

کەمال ئەترووشی وەزیرى سامانە سروشتییەکان رۆژى ١٨ى ئاب، بە کەناڵى رووداوی راگەیاند، لە 23ی ئابەوە یەک ملیۆن لیتر بەنزین لە بەغداوە دێت، ئەمەش وادەکات کوالێتیی بەنزینەکەمان باش ببێت و نرخەکەشی دەبێت بە 650 .

 

وتیشى ئەو بەنزینە بە کوالێتییەکی باش و لە هەموو کوردستان بەو نرخە دەبێت.