سنور ميديا

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان رەخنە لە پەیامەکەى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دەگرێت و دەڵێت بارزانى تەنها باسى “داستانی” پێشمەرگەکانى حزبەکەى کردووە.

 

 

ئەبوبەکر هەڵەدنى پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکگرتوو ئەمڕۆ دووشەممە لەبڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند ” خاڵێکی سەرسوڕمانی پەیامەکەی ئەمڕۆی کاک مەسعود تەنها باسی داستانی پێشمەرگانەی حزبی پارتی کردو داستانی کۆڕێ وپردێ وسحێلای بەنموونە هێنایەوە”.

 

وتیشى “شانبەشانی پێشمەرگەکانی پارتی  پارتی  پێشمەرگەی قارەمانی یەکێتی وسۆشیالیست وپاسۆک وشیوعی وبزوتنەوە ی ئیسلامی وپارتی ئازادی سەدان داستانی بەعس بەزێن  وجاش بەزێنیان لە داستانەکانی دەشتێو و قەیوان ماوەت ودابان وهەلاج وحەمک وژاڵە وچیمەن  و سەری رەش و وخەرابە ڕووتە و فەیاڵ وناوشاری هەولێر و کەرکوک و تەنانەت بەغداد و دەشتەکاکی بەکاکیەکانی گەرمیانی سوتماک کراو ئەنجام داوە”.

 

مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکیدا (22ی ئابی 2021) دەڵێت، “دوای ڕووداوەكانی ئەفغانستان ماوەی چەند ڕۆژێكە تەوژمێكی سیاسی و میدیایی بە ئاراستەی دروستكردنی دڵەڕاوكێ و نائومێدی لەناو خەڵكی كوردستاندا كار بۆ بەراوردكردنی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان دەكەن. لێرەدا پێویستە هەموو لایەك باش بزانن كە هەر میللەتێك ئەگەر پشت بە خۆی و تواناكانی خۆی نەبەستێت هەمیشە ئەگەری هەڕەشە و لەناوچوونی لەسەرە. پاڵپشتیی خەڵكیش ئەو كاتە بەهای هەیە و كاریگەر دەبێت كە بە خۆمان هەبین و ئیرادەمان هەبێت.”

 

دەشڵێت، “جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا هەیە. جیاوازیەكی زۆریش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە. پێشمەرگە زادەی مێژوو و خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستانە. خاوەنی سەدان داستانی مێژوویی و قارەمانێتییە. نموونەیان داستانی كۆڕێ و تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش و داستانەكانی پردێ و سحێلان كە نەیارانی كوردستان پیلانی ئەوەیان هەبوو ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن. بەڵام پێشمەرگە و گەلی كوردستان بە خۆڕاگری و ئیرادەی پۆڵایینیان پیلانی نەیار و دوژمنانیان هەڵوەشاندەوە.”

 

“لێرەدا دەمەوێت خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە دۆخی كوردستان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ هەموو شوێنەكانی تر. شوكر بۆ خوای گەورە ئێمە پێشمەرگەی قارەمان و هێزمان هەیە و لە هەمووشی گرنگتر میللەتێكین خاوەن ئیرادە و قەزییەین. ئەگەر دوژمنان و ناحەزانیش خەیاڵی ئەوەیان هەبووبێت ئازاری خەڵكی كوردستان بدەن ئەوە هەرگیز بە ئاسانی بۆیان نەچووەتە سەر و، بە دڵنیاییەوە لە ئاییندەشدا بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر. هەر كەسێكیش بیەوێ نائومێدی و خۆبەكەمزانین و بەراوردی نابەجێ لەناو خەڵك بڵاو بكاتەوە دیارە هێشتا نەیتوانیوە لە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلەكەی تێبگات،” مەسعود بارزانی وا دەڵێت.