سنور ميديا

عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کە جێگەی سۆران عومەری گرتەوە رایگەیاند، ساڵی رابردو دو کۆمپانیای گومرگی، بەشێوەی‌ نایاسایی‌، لە خاڵە سنورییە گومرگییەکان لە ساڵێکدا زیاتر لە پێنج ملیار دیناریان بۆ خۆیان بردوەو تەنها 500 ملیۆن دینار بۆ حکومەت.

لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان نوسیویەتی،” پاش بەدواداچون، داوامانکردوە کاری‌ نایاسایی‌ کۆمپانیاکانی‌ (دڵنیا) و (ستار کار) ڕاگرن و گرێبەستەکانیان هەڵوەشێننەوە کە بەشێکن لە گرانی‌ بازاڕو زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی‌ گشتی‌”.

لەبەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کردوە،” تەنها ئەم دو کۆمپانیایە، بەشێوەی‌ نایاسایی‌، لە خاڵە سنورییە گومرگییەکان لە ساڵێکدا زیاتر لە پێنج ملیار دیناریان بۆ خۆیان بردوەو تەنها 500 ملیۆن دینار بۆ حکومەت، لەکاتێکدا کارەکانیان نایاساییە، هەروەها دژی‌ بەرژەوەندی‌ گشتیە، بە قۆرخکاریش گرێبەستەکانیان بۆ کراوە، یەکێک لەو کۆمپانیایانە زیاتر لە (13) ساڵە بەردەوام گرێبەستەکەی‌ بۆ درێژ دەکرێتەوە، هەروەها بوونەتە هۆی‌ بارگرانی‌ بەسەر هاوڵاتیان‌و زیاتر گرانبونی‌ شمەک‌، کارەکانیان بێجگە لە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی‌ گشتی‌‌و بەدیهێنانی‌ بەرژەوەندی‌ تایبەتی‌ ئەو کەسانەی‌ لە پشتیانن، هیچ شتێکی‌ تر نییە.”

دەشڵیت، داوامان کردوە، حکومەت گرێبەست‌و کاری‌ ئەم دو کۆمپانیایە لە خاڵە سنورییەکان هەڵوەشێنێتەوە، ئەوەش لە پێناو هێنانەدی‌ بەرژەوەندی‌ گشتی‌‌و جێبەجێکردنی‌ یاسا لە کوردستان.

 

دەقی‌ ناوەڕۆکی‌ نووسراوو به‌دواداچوونه‌كه‌:

تا ئێستا لە کوردستان هیچ یاسایەک نییە، کەسانی‌ خاوەن کارو پیشە، یان بازرگانان، یان هاووڵاتی‌ ئاسایی‌ ناچار بکات دڵنیایی‌ خۆی‌، یان ئۆتۆمبیلەکەی‌، یان ماڵ و موڵکەکەی‌ بکات، بەڵام بە پێچەوانەوە، حکومەتی‌ هەرێم لە خاڵە سنورییە گومرگییەکان، گرێبەستیان بۆ دوو کۆمپانیا کردووە بۆ وەرگرتنی‌ بڕێک پارە لە شۆفێران بەمەبەستی‌ دڵنیایی‌، کە ئەوانیش بریتین لە کۆمپانیاکانی‌ (دڵنیا) و (ستار کار). لەبارەی‌ کاری‌ ئەو دوو کۆمپانیایە، سەرنجتان بۆ ئەم دوو خاڵە ڕادەکێشین:
یەکەم/ نایاساییبوونی‌ کاری‌ ئەم دوو کۆمپانیایە:
١ـ هیچ یاسایەک نییە لە کوردستان بەرکاربێت و کاری‌ کۆمپانیاکانی‌ دڵنیایی‌ بە شێوەی‌ پابەندی‌ و ناچاریی‌(الزامی‌) ڕێک بخات و هاووڵاتی‌ و بازرگان ناچار بکات بە دڵنیاییکردنی‌ خۆی‌ یان ئۆتۆمبیل و موڵکەکەی‌.
٢ـ گرێبەستی‌ ئەم دوو کۆمپانیایە بە رێڕەوی‌ گرێبەستی‌ یاسایی‌ حکومیدا تێنەپەڕیون و بە کێبرکێ نەدراون بەم دوو کۆمپانیایە و بڕگەکانی‌ ڕێنمایی‌ گرێبەستە گشتیەکانی‌ دەرچوو لە وەزارەتی‌ پلاندانان بۆ ساڵی‌ (٢٠١٦)یان بەسەردا جێبەجێ نەکراوە، یەکێک لەو کۆمپانیایانە زیاتر لە (١٣) ساڵە بەردەوام گریبەستی‌ بۆ درێژ دەکرێتەوە.
دووەم/ خراپی‌ گرێبەستەکان و زیانیان بۆ بەرژەوەندی‌ گشتی‌ و هاووڵاتی‌:
١ـ گرێبەستەکان بە کێبرکێی‌ ئاشکرا نەکراون و بەشێوەی‌ قۆرخکاریی‌ هەموو خاڵە سنورییەکان دراون بەم دوو کۆمپانیایە.
٢ـ ڕێژەی‌ (٩٠%)ی‌ داهاتی‌ ئەم دوو کۆمپانیایە بۆ خۆیانەو تەنها لە (١٠%)ی‌ دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی‌ گشتی‌، ئەمەش رێژەیەکی‌ زۆر زۆرە بۆ کۆمپانیا، چونکە لە بنەمادا ئەو کارەی‌ ئەوان دەیکەن شایستەی‌ ئەو بڕە زۆرە پشکە نییە.
٣ـ شۆفێران گلەیی‌ و گازندەی‌ زۆر لە کاری‌ ئەم دوو کۆمپانیایە دەکەن و پێیان وایە لەکاتی‌ ڕووداوو زیانی‌ ئۆتۆمبیلەکانیاندا، کۆمپانیا وەک پێویست پابەندی‌ گەڕاندنەوەی‌ خەرجی‌ و زیانەکانیان نییە، بێجگە لە ڕۆتینێکی‌ زۆر.
٤ـ نەریتی‌ کۆمپانیاکانی‌ دڵنیایی‌ بەو جۆرەیە کە مانگانە یان ساڵانە بڕە پارە لەو کەسە وەردەگرن کە بەشدارە، بەڵام ئەم دوو کۆمپانیایە، لەگەڵ هەموو هاتن و چوونێکی‌ بارهەڵگرەکاندا پارەی‌ خۆیان وەردەگرن!
بۆیە پاش دڵنیابوونەوە لەنایاساییبوونی‌ کاری‌ ئەم دوو کۆمپانیایە، هەروەها دڵنیابوونەوە لەوەی‌ کارەکانیان بووەتە هۆی‌ زیادکردنی‌ خەرجی‌ بازرگانی‌ و بەرزبوونەوەی‌ خەرجی‌ هێنانی‌ شمەک، کە بە زیان لەسەر هاووڵاتیان و بەکاربەران دەشکێتەوەو دەبێتە هۆی‌ گرانی‌ زیاتری‌ بازاڕ، بە نووسراوی‌ ژمارە (٨٨) لە ٢٢ی‌ ٨ی‌ ٢٠٢١، داوامان لە سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان کردووە، داوا لە (سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران) بکەن بەمەبەستی‌ هەڵوەشاندنەوەی‌ گرێبەستی‌ ئەو دوو کۆمپانیایەو کۆتایهێنان بە کارەکانیان، ئەمەش جێبەجێکردنی‌ یاساو بەدیهێنانی‌ بەرژەوەندی‌ گشتییە.
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
٢٢ی‌ ٨ی‌ ٢٠٢١