ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئامێری سۆنەر بووە بەدەرگایەكی گەورەی گەندەڵی لە خاڵی سنوری و بازگەكان. دەشڵێت:” ساڵانە نزیكەی (٨٠ ملیۆن دۆلار) لە سەرجەم بازگەو خاڵە سنورییەكان لە ژێر چەتری كۆمپانیادا لە ئۆتۆمبیل بەتاڵ و بارھەڵگر وردەگیرێت بۆ بەرژەوەندی دوو كۆمپانیا.”
عەلی حەمەساڵح، لەهەژماری خۆی لەیاداشتێكدا كەئاڕاستەی سەرۆكی حكومەت و رای گشتی كردووە دەڵێت، پێشتر چەندین جار بە یاداشت دۆسێی سۆنەری بازگەو خاڵە سنوریەكانی بۆ لایەنی پەیوندیدار ناردوە.. بەڵام ھیچ دامەزراوەیەك وەڵامی پێویستی نییە.
دەشڵێت:” جگە لە خاڵە سنوریەكان كە بۆ ھەر پشكنینێك لە نێوان ٣٥ بۆ ٥٠ دۆلاردایە، لە بازگەكانیش ئەم پارە ھەر وەردەگیرێت.. بۆنمونە لە بازگەی دێگەڵە ھەر بارھەڵگرێك بە پڕی بێتە ھەولێر (٣٥ ھەزار دینار)ی لێوەردەگیرێت و بەتاڵیش بێت (١٥ ھەزار دینار) وەردەگیرێت.. ئەمە بۆ بازگەكانی دیكە ڕاستە كە دێنە ھەولێر.. ھەندێك جار پشكنین ھەر ناكرێت و تەنیا پارە وەردەگیرێت… بەتایبەت بۆ ئەو بارانەی بەرزترە لەئاستی سۆنەرەكە!!”
عەلی حەمەساڵح، ئەوە رووندەكاتەوە:”سەرجەم خاڵی سنوری و بازگەكانی ھەولیر دراوە بە كۆمپانیای ( HANDDAWN ).”
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان دەپرسێت كە بۆچی حكومەت خۆی ئەم كارە ناكات؟ هەر خۆشی وەڵامدەداتەوەو دەڵێت:” بەپێی بەدواداچونی من نرخی یەك ئامێری سۆنەر (١٠٠ ھەزار دۆلارە)، واتا ١٠ ئامێر (ملیۆنێك دۆلار) ، بەڵام ئەم دوو كۆمپانیای كە یەكیان بۆ سنوری سلێمانیەو ئەوی دیكە بۆ ھەولێرو دھۆك ساڵانە نزیكە( ٨٠ ملیۆن دۆلار ) لە ھاوڵاتیان وەردەگرن!! ”
عەلی حەمەساڵح لەكۆتایی نوسینەكەیدا دەڵێت:”چەندین كۆمپانیای دیكە لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی لە خاڵە سنوریەكان دامەزراون و مانگانە ملیۆنان دۆلار وەردەگرن.”