سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران ئاشكرایكرد، ئەو 37 كۆچبەرەی لە دورگەی لارۆسی یۆنان گیریان خواردبوو و مەترسی لەسەر ژیانیان هەبوو، رزگار كراون.

ئاری جەلال، بڵاویكردووەتەوە:”پاش ئەوەی 37 كۆچبەری كورد لە ناوچەیەكی شاخاوی دور لە ئاوەدانی  دورگەی لارۆس وڵاتی یۆنان لەلایەن قاچاخچیەكانەوە بەجێ دەهێڵدرێن، لەلایەن كەس و كاری یەكێك لەو كۆچبەرانە دەزگاكە ئاگادار دەكەنەوە لە دۆخیان، بەوەی مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە و ماوەی زیاتر لە 35 كاتژمێرە داوای هاوكاری لە پۆلیسی یۆنان دەكەن.”

ئاماژەی بەوەشكردووە:” دەستبەجێ لە رێگەی نوێنەری دەزگای لوتكە و باڵوێزخانەی عێراق لە یۆنان، هەوڵەكان لەسەر پۆلیسی دەریاوانی یۆنان چڕكرانەوە و خۆشبەختانە توانرا هاوكاریان پێبگەیندرێت و رزگار بكرێن.”

ئاری جەلال دەڵێت:” ئەو كۆچبەرانە پێكهاتبون لە 8 ژن و 4 منداڵ و 25 پیاو و لەلایەن قاچاخچیەكانەوە فێڵیان لێكرابوو، چەند رۆژێك لەو شوێنە مابونەوە و بە هۆی كەمی خۆراك و ئاوی خواردنەوە مەترسی كەوتبووە سەر ژیانیان، ئێستاش گواستراونەتەوە بۆ دوورگەی كۆس و تەندروستیان باشە.”