جێگری سەرۆكی حكومەت دەڵێت، لە كابینەی نۆیەمدا ٨٦٠ مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە كە ٤٨ هەزار هەلی كار دەڕەخسێنن و پلانی حكومەتیش ئەوەیە 100 جۆر خزمەتگوزاری بكاتە ئەلیكترۆنی.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە میانەی وتارێكیدا لە پڕۆژەی TECHFEST بۆ كێبڕكێی تەكنەلۆجیا كە ئەمڕۆ لە سلێمانی پێشكەشی كرد، ڕوونیكردەوە پلانی حكومەت ئەوەیە هەماهەنگی تەواو لەنێوان حكومەت و ناوەندەكانی پەروەردە و خوێندن و كەرتی تایبەتدا دروست بكات.
ئاماژەی بە ئەوەشكرد، بە بەهێزكردنی هەماهەنگی لەنێوان ئەم سێ كەرتەدا دەتوانین وڵات پێش بخەین و ژێرخانی ئابوری بەهێز بونیات بنێین و هەلی كاری پێویستیش دروست بكەین.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد بە دروستكردنی هەماهەنگی لەنێوان ئەم سێ كەرتەدا لە داهاتوودا لەلایەكەوە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان ئامادەیی زیاتریان دەبێت بۆ كاركردن لە كەرتی تایبەت و لەلایەكی دیكەشەوە بە كارئاسانیكردنی حكومەت بۆ كەرتی تایبەت ئاستی وەبەرهێنان پەرەدەسێنێت و بەمەش هەلی كاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێت.
جێگری سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەئەوەشدا، لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا تەنها لە ماوەی دوو ساڵی رابردووی كابینەی نۆیەمدا مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە بە ٨٦٠ پڕۆژە كە بە تەواوبوونی پڕۆژەكان ٤٨ هەزار هەلی كاری نوێ بۆ گەنجان دروست دەبێت.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەكرد كە بەداخەوە تا ئێستا پاراستنی فەرمانبەر لە كەرتی تایبەت زۆر لاوازە، هەربۆیە حكومەت تەنها بە دروستكردنی هەلی كار ناوەستێت، بەڵكو بە گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەت بەرنامەی هەیە هەموو ئەو شایستانەی فەرمانبەرانی حكومەت لە خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی هەیانە، فەرمانبەرانی كەرتی تایبەتیش بگرێتەوە.
لە بەشێكیتری وتەكانیدا جێگری سەرۆكی حكومەت باسی لە پرۆسەی بە ئەلەكترۆنیكردنی حكومەت كرد و ڕایگەیاند متمانەی تەواوی بە توانای خۆماڵی و بە تایبەتیش بە گەنجان هەیە و لە بەشێكی گەورەی پرۆسەی بە ئەلەكترۆنی كردنی حكومەت پشت بە توانای گەنجانی كورد و كۆمپانیای خۆماڵی بەستراوە، لەمەشدا توانیویانە سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنن.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد كە وەك دەستپێك لە پڕۆسەی بە ئەلەكترۆنیكردنی حكومەت ١٠٠ جۆر خزمەتگوزاری دەستنیشان كراوە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەم خزمەتگوزارییانە بە شێوەی ئەلەكترۆنی پێشكەشی هاووڵاتیان دەكرێت وبەمەش كارئاسانییەكی گەورە بۆ هاووڵاتیان دابین دەكرێت لە خێرا راپەڕاندنی كاروبارەكانیان.