میدیاكانی نزیك لە پەكەكە ڕایدەگەیەنن، دەوڵەتی تورکیا لە مەتینا گورزی قورسی لێدەدرێت و ٢٠٠ جەردەوان، کە داواکرابوون بڕۆن بۆ شەڕ چەکەکانیان فڕێدا و دەستیان لە جەردەوانی هەڵگرت.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی (فوڕات نیوز) ئۆپراسیۆنی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لە زەوی و ئاسمانەوە لە ٢٣ی نیسانەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامیی هەیە و لەم رۆژنەی دوایدا لە ئۆپراسیۆنەکان لە چیای جودی تاوەکو حەفتانین و مەتینا ژمارەیەکی زۆر سەرباز کوژراون.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکان، لەم رۆژانەدا قورسترین شەڕەکانی ئەو چوار مانگە روودەدەن و ناوچەکانی زناری کێستە، مزۆرێ، هرۆرێ و دەرار و مەتینا بوونەتە گۆڕەپانی شەڕ.

سەرچاوە خۆجییەکان رایانگەیاند، “لە ١٧ی ئابەوە شەڕ زۆر قورستر بووە و سوپای تورک کوژراو و برینداری زۆری هەیە و چەتەیەکی زۆریشی هێناوە، بەڵام ئەوەش نەبووەتە رێگرتن لە شکستی سوپای تورک، بۆیە ئەمجارە بە چڕی جەردەوانەکان دەخەنە ناو شەڕەکە”.

بەپێی سەرچاوەکان، لە ناوەندی شرنەخ، ئەلکێ و قلەبان و هەزەخ جەردەوانەکانیان کۆکردووەتەوە و ناردوینان بۆ ناوچەکە بۆ ئەوەی بۆسە دابنێن، بەلام جەردەوانەکان دەستیان بە دانانی چەک و دەست لەکارکێشانەوە کردووە و لەو ٤ مانگەدا بە گشتی ٢٠٠ جەردەوان چەکانیان فڕێداوە و دەستیان لە جەردەوانی کێشاوەتەوە.

هاوکات ناوچەی قلەبانی شرنەخ، کە یەکێکە لە ناوەندەکانی ئۆپراسیۆنی داگیرکەری و لە چەلێی جۆلەمێرگ و لە گوندی ئەلەمون، کە رۆژانە ٥ بۆ ٦ جار تۆپبارانیان ئەنجامدەدرا، ئێستا رۆژانە لەو شوێنانەوە ٢٠ جار تۆپباران ئەنجام دەدرێن.

هەروەها جگە لە تۆپبارانەکان لەم رۆژانەی دوایدا جموڵی کۆپتەرەکان زیادیکردووە و بە بەردەوامی ١٢ کۆپتەری جۆری سکۆرسکی و ٢ کۆپتەری کۆبرا بە ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.