ئەمڕۆ شەممە نرخی شەش نان لەشاری سلێمانی بوو بە هەزار دینار، بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم هیچ كارئاسانییەكی بۆ نانەواخانەكان نەكرد.

هەفتەی پێشوو نوێنەرانی نانەواخانە و سەموونخانەكان یاداشتێكیان ئاڕاستەی لایەنە بەرپرسەكانی حكومەت كرد و جەختیان كردەوە، ئەگەر حكومەت هاوكاریان نەبێت نرخی نان بەرزدەكەنەوە، بەڵام تاكو ئێستا حكومەت هیچی نەكردووە.

هاوار ئەسعەد، یەكێك لەنوێنەرانی نانەواخانە و سەموونخانەكانی سلێمانی  ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەش نان بەكێشی 110 گرام لەشاری سلێمانی كرا بە هەزار دینار.

ئاماژەی بەئەوەشدا، پێیان ناخۆشە ئەمەیان كردووە، بەڵام ئەمە لەدەستی حكومەتدایە، ئەویش هیچ بەدەمەوەهاتنێكی نییە و تاكو ئێستاش هیچ بەڵێنێكی چارەسەری پێنەداون.

باسی لەئەوەشكرد، گلەیی هەمووان لە حكومەتی هەرێمە، كە باكی نییە بەوەی نرخی نان گران ببێت یان نا.

وتیشی: “نرخی ئارد گران بووە و حكومەتیش هیچ پاڵپشتییەكی بۆ نانەواخانە و سەموونخانەكان نییە، بۆیە ئەگەر نرخیان گران نەكردایە، زەرەریان دەكرد، ناشكرێت ڕۆژانە بەزەرەر كاربكەن.

عەبدولستار مەجید، پەرلەمانتاری كوردستان لەبارەی هۆكاری گرانبوونی ئارد ڕایگەیاند، ئەو گەنمەی لەناوخۆدا دەكرێتە ئارد، بۆ نان گونجاو نیە، ئەوەش نەزانی حكومەتە، كە تا ئێستا نەیتوانیوە جوتیارانی خۆمان ناچار بكات، لەبری گەنمی (خشن) كە زیاتر بۆ ئالیك و عەلەف بەكاردەهێنرێت، گەنمی (ناعم) بچێنن .

وتیشی: “بەهۆی وشكە ساڵییەوە هەر تۆنێك گەنم لە ڕوسیا (٣٠) دۆلار گرانتر بووە، بە ڕێگەی توركیادا ئەو ئاردە دێتە هەرێم لە توركیا (غازی عەنتاب) بۆ هەر تۆنێك (١٥) دۆلاری دیكەی دەخەنە سەر، پێش ئەوەی بگاتە ناو هەرێمی كوردستان هەر تۆنێك (٤٥) دۆلاری چووە سەر .

باسی لەئەوەشكرد، ئەو ئاردەی پێی دەوترێت (بایەعی) لە ئێستادا و بە بەراورد بە پێشتر بڕی (٢٥٠) هەزار دینار چۆتە سەر نرخی هەر تۆنێك ئارد، ئەمەش بازاڕێكی زۆر زۆر وێرانی دروستكردووە و بۆتە قۆرخكاریی و ئیحتیكارێكی مەترسیدار .

ئەوەشی وت: “لە پێشودا باج یان گومرگی سەر یەك تۆن ئارد تەنها (٤) دۆلار بووە، ئێستا بۆ هەر تۆنێك، حكومەتی هەرێم (٣٤) ی خستۆتەسەر، بۆیە زیادكردنی باج لەسەر هاوردەی ئارد لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە هۆكارێكی دیكەی گرانبوونی نانە “.

ئەوەشی باسكرد، لە پێشودا بۆ پشكنینی بارهەڵگرەكان تەنها (١٥) دۆلار وەردەگیرا، ئەگەر بازرگانێك 20 بارهەڵگر ئاردیشی بهێنایە هەر ئەو 15 دۆلارەی لێوەردەگیرا، بەڵام ئێستا حكومەتی هەرێم ئەو 15 دۆلارەی زیادكردووە بۆ (١٠٠) دۆلار، ئەگەر بازرگانێك 50 بارهەڵگر ئارد هاوردە بكات، دەبێت 50 (١٠٠) دۆلاری بدا .

ناوبراو چوار خاڵی وەك چارەسەر خستووەتەڕوو، كە بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:

١. قۆرخكاریی لەسەر هاوردەی ئارد هەڵبگیرێت، دەرفەتی یەكسان بدرێت بە هەموو كارگەكانی دروستكردنی ئارد بۆ هاوردنی گەنم و ئاردی گونجاو .

٢. كەمكردنەوە یان هەڵگرتنی باج لەسەر ئەو ئاردەی بۆ دروستكردنی نان و سەموون لە دەرەوە هاوردە دەكرێت .

٣. دابینكردنی سوتەمەنی بۆ نانەوا و سەمونخانەكان وەك پاڵپشتیی كە لە پێشوەدا هەبووە و ئێستا حكومەتی هەرێم ئەوەشی بڕیوە !

٤. هاندان و پاڵپشتی جوتیاران بۆ چاندنی گەنمی (ناعم) لەبری ئەو گەنمەی ئێستا دەچێندرێت و جۆرەكەی (خشن)ـە و بۆ نان دەستنادات.