بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی دوو گەنج لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتی سعودییە کە تیایدا سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام و عائیشەی هاوسەری دەکەن، کاردانەوەی توندی لەو وڵاتە لێکەوتووەتەوە و فەرمانی بەپەلە دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە، “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو گەنج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڤیدیۆیەکدا سوکایەتییان بە پێغەمبەر محەمەد (د.خ) و عآئیشەی هاوسەری کردووە و ڤیدیۆکەش بڵاوکراوەتەوە.”
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە کاردانەوەی زۆر لێکەوتووەتەوە و چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاشتاگێکیان دژی ئەو کارە ڕاگەیاند و لەماوەیەکی کەمدا زیاتر لە 40 هەزار پۆست بەو هاشتاگە لە تویتەر بڵاوکرایەوە.
لە پۆستەکاندا چالاکوانان داوای دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەکەن کە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەون و دەڵێن، پێویستە سزا بدرێن.
لەدوای ئەو کاردانەوانەش، داواکاری گشتیی سعودیە هاتەسەر خەت و فەرمانی کردووە، ئەو کەسانە بەپەلە دەسگیربکرێن.
لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعودییە لەزاری سەرچاوەیەکی داواکاری گشتییەوە بڵاویکردووەوە، “سوکایەتیکردن بە ڕەمز و پیرۆزییە ئاینییەکان و بنەما گشتییە کۆمەڵایەتییەکان یەکێکە لە تاوانە گەورەکان و بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان سزاکەی بریتییە لە پێنج ساڵ زیندانی و بژاردنی سێ ملیۆن ڕیاڵی سعودی.