سنور ميديا

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، پەسەندكردنی یاسای نوێی سزادانی عیراقی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو بەجێ‌ دەهێڵرێت و ئەركی ئەو ئەنجومەنە دەبێت.

 

 پەرلەمانتار ئەڵماس فازیل،ئەندامى لیژنەی یاسایی و پەرلەمانتاری یەکێتى لەپەرلەمانی عیراق رایگەیاند: ئەو پرۆژە یاسایەی كە د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاندووە، هێشتا نەگەیشتۆتە لیژنەی یاسایی، ئەستەمە بتوانرێت یاساكە لەم خوولەی ئێستای هەڵبژاردندا پەسەند بكرێت.

 

ئەڵماس فازیل بۆ میدیای حزبەکەى ئاماژەى بەوەشکردوە، یەكێك لەهۆكارەكان ئەوەیە، ئەم ئەنجومەنەی نوێنەرانی ئێستا ئەو توانایەی نییە بتوانێت بڕیار لەبارەی یاساكەوە بدات و، پەسەندی بكات، چونكە یاساكە گرنگەو پێویستی زۆری بەگفتوگۆو لێكۆڵینەوە هەیە، جگەلەوەش، پێویستی بەكاتێكی زۆرە تاوەكو لەناو پەرلەماندا خوێندنەوەو گفتوگۆی لەبارە بكرێت و پاشان بخرێتە دەنگدانەوە.

 

راشیگەیاند: ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێستا تەمەنێكی كەمی لەم خوولەدا ماوەو زۆربەی ئەندامەكانیشی بەبانگەشەی هەڵبژاردنەوە سەرقاڵن و بەدووریش دەزانرێت دانیشتن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی یاسا نوێیەكەی سزادانی عیراقی ساز بكرێت، بۆیە پەسەندكردنی یاساكە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو هەڵدەگیرێت و دەبێتە ئەركی ئەو ئەنجومەنە كە لەدوای هەڵبژاردنی پێشوەختە پێكدەهێنرێت، كەوا بڕیارە لە رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بێتە ئەنجامدان.

پەرلەمانتارەکەى یەکێتى روونیکردەوە، تەنانەت پەرلەمانی داهاتووش پێویستی بەكاتی زۆرە تاوەكو بڕیار لەسەر پرۆژە یاسای نوێی سزادانی عیراقی بدات، ئەویش بەهۆی زۆری ئەو ووردەكارییانەی لەناو پرۆژە یاساكەدا هەیە، هەروەها بەهۆی گرنگی پرۆژەكە، پێوست دەكات سەرجەم بەندەكانی گفتوگۆی جددی یاساییان لەبارەوە بكرێت و سەرجەم لایەنەكان بگەنە جۆرێك لەداڕشتنی كۆتایی و پاشان پەسەند بكرێت.

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق، رۆژی سێشەممەی رابردوو 17ی 8ی 2021 پرۆژە یاسای نوێی سزادانی عیراقی راگەیاندو روونیشی كردەوە كە لەدوای 50 ساڵ لەدەركردنی یاسای سزادان لە ساڵی 1969، توانییان پرۆژە یاسایەكی نوێی سزادانی عیراقی گەڵاڵە بكەن و پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی بكەن.