سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوادەکات یادی عاشورا ببێتە پاڵنەرێک بۆ سڕینەوەی بیر و رۆشنبیریی توندوتیژیی و توندئاژۆیی و وەلانانی ناکۆکییەکان.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی یادی عاشورا لە تویتێکدا لە تویتەری تایبەتی خۆی داوادەکات یادی عاشورا “ببێتە پاڵنەرێک بۆ سڕینەوەی بیر و رۆشنبیریی توندوتیژیی و توندئاژۆیی و وەلانانی ناکۆکییەکان.
ده‌شڵێت، ئه‌م یاده‌ ببێتە ئیلهامێک بۆ بەهێزکردن و سوربون لەسەر خۆشەویستی و بنەماکانی لێبوردەیی پێکەوەژیان نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی گەل، بەمەبەستی بەرقەرارکردنی سەقامگیریی لە وڵاتەکەمان”.
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان خوازیارە تەواوی گەلانی جیهان لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی دابن.
لە رۆژی دەیەمی مانگی موحەرەمی رۆژژمێری کۆچی کە رۆژی پێنجشەممە 19ی مانگی ئابی زایینی ده‌كات؛ موسڵمانانی شیعە لە عێراق و جیهان ماتەمینیی عاشورا دەگێڕن، ساڵڕۆژی کوژرانی ئیمام حوسێنی کچەزای پێغەمبەری ئیسلام و سێیەم ئیمامی شیعەی دوازدە ئیمامییە.