وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایده‌گه‌یه‌نێت، لە هێرشێكی ئاسمانیدا بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شنگال، 10 گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی راگەیه‌ندراوێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئابی 2021 لە په‌یجى فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەی شنگال هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر گەریلاکانی پەکەکە.
بەپێی راگەیه‌نراوەکە بێت، لە ئەنجامی هێرشەکەدا 10 گەریلای پەکەکە گیانیانلەدەستداوە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە تا ئێستا روونکردنەوەی لەبارەی ئەو هێرشە نەداوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە هێرشەکانی سەر شنگال 10 گەریلا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال کە سەر بە پەکەکەن و مووچەش لە حەشدی شەعبی وەردەگرن، لە سێ رۆژی رابردوودا دوو جار هێزەکانیان لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە کراونەتە ئامانج.
رۆژی 16ى ئابى 2021 فرۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلەکی لەناو بازاڕی شاری شنگال کردە شنگال، بەو هۆیەوە فەرماندەی فەوجێکی یەبەشە بەناوی سەعید حەسەن سەعید و برازایەکی بەناوی خودێدا گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها رۆژی 17ى ئابى 2021، فڕۆکەکانی تورکیا بنکەیەکی تەندروستی یەبەشەیان لە شنگال بۆردوومان کرد و بەو هۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا.