سەرچاوەیەك لە دادگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت لاهور شێخ جەنگی و براكانی بە كەفالەت ئازادكراون و هێشتا دادگاییەكەیان كۆتایی نەهاتووە.
 
سەرچاوەیەك لە دادگای سلێمانی بە میدیای یەكێتی ڕاگەیاندووە” پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر سکاڵای هاوڵاتی (بڵند علی عبدالرحمن) دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی بڕیاریدا بە دەستگیرکردنی تۆمەتباران هەریەک لە (لاهور شێخ جەنگی و براکانی) بەپێی مادەی (٤٣٠) لە یاسای سزادان لەسەر هەڕەشە و زۆر لێکردن بە زەبری هێز و دەسەڵات”.
 
دەشڵێت”ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە براکانی ئامادەی بەردەم دادگا کران و پاش ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەکانیان، دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاریدا بە ئازادکردنیان بە بارمتەی دارایی (واتە بە کەفالەت) هەریەکەیان بەبڕی (٢٥٠٠٠٠٠٠) بیست و پێنج ملیۆن دینار تاوەکو ئەنجامی لێکۆڵینەوە و رۆژی دادگای کردنیان”.
 
ئاماژەی بەوەشكردووە”واتە ئەم ئازادکردنەیان بە واتای کۆتایی کێشەکەیان نییە، بەڵکو بەشێوەیەکی کاتی ئازادکراون تاوەکو ڕۆژی دادگایی کردنیان و هەرکات دادگا داوای کردن پێویستە ئامادەبن، بە پێچەوانەوە دووبارە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەردەچێتەوە”.
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو”ئەوەی جێگەی سەرنجە لە بڕیاری ئازادکردنیاندا نەدەبوو بەم شێوەیە ئازادبکرێن، چونکە لە چەندین دۆسیەی دیکەشدا داواکراون و بڕیاری دەستگیرکردنیان هەیە و پێویست بوو لەو کێشانەشدا ئەمڕۆ وتەیان وەربگیرایە بەڵام دادوەری لێکۆڵینەوە ئەوەی نەکردووە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی زانیاری هەبووە بەو حاڵەتە”.
 
جگە لەوەش هاوڵاتیان بەردەوامن لە تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی ناوبراوان لەسەر ئەو تۆمەتانە، واتە لە ئێستادا و لە کێشەی دیکەدا بڕیاری دەستگیرکردنیان هەیە و پێویستە دووبارە ئامادەی دادگا بن.