ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی و بە بەشداری زیاتر لە ١٦ یانەی ناوخۆیی عێراقی كە لە زۆربەی شارەكانی هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێراق ئامادەبوون، پاڵەوانێتی پاسكیلسواریی ٣٥ كم بۆ كچان، بەرێوەچوو.
پاڵەوانێتیەكە لەسەر رێگای سەرەكی دووكانیان لە ناحیەی سیتەك بەڕێوەچوو كە تیایدا رێوشوێنی پێویست گیرابوویە بەر و تیایدا وەرزشكارە كچەكان بە دوو خولی هاتن و چوونی ٣٥ كم-ی پێشبركێكەیان ئەنجام دا.
لە پاڵەوانێتیەكەدا، یانەی نەورۆز هەریەك لە پلەكانی یەكەم و دووەەم و سێیەمی بۆخۆی مسۆگەر كرد، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو.
سۆز دڵشاد ماوەی ١١ ساڵە یاریزانی پاسكیلسوارییە و بۆ پێنجەمین جار لەسەر یەك بووەتە پاڵەوانی خولی عێراق بۆ پاسكیلسواریی، ئەمڕۆش پلەی یەكەمی بەدەست هێنا و رایگەیاند: ”ئەمڕۆ یەكەم قۆناغی پاڵەوانێتی پاسكیلسواری بۆ ساڵی ٢٠٢١دەستی پێ كرد كە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆ یەكەم قۆناغی ئەمساڵە، توانیم دووبارە وەك ساڵەكانی تر پلەی یەكەمی بەدەستبهێنمەوە، زۆر سوپای یانەكەم و راهێنەرەكەم كاك سیروان دەكەم كە پاڵپشتێكی گەورەی ئێمەن.”
سیروان سامی، راهێنەری یانەی وەرزشی نەورۆز، ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمە یەكەمین قۆناغی خولی پاڵەوانێتیی پاسكیلسواریی عیراقەو وتی: ”ماوەی دوومانگە سەرقاڵی مەشق و راهێنان بووین بە وەرزشوانەكانمان، پلەی یەكەممان هێنا لە هەردوو بواریی تاكەكەسی و وەك یانەش”.
ئەو راهێنەرە ئاماژە بەوە دەكات كە ١٦ یانە بەشداربوون لە پاڵەوانێتیەكەدا بۆ برینی ٣٥ كم بە پاسكیل كە بۆ دووجار هاتن و چوون توانییان ئەو رێڕەوە ببڕن.