حكومەتی توركیا لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا، رەگەزنامەی بە 10 هەزار هاووڵاتی بیانی بەخشیوە كە خانووبەرەیان بەبەهای 250 هەزار دۆلار كڕیوە، بەگوێرەی ئامارێكیش، هاووڵاتیانی عیراقی لەریزبەندی سێیەم دێن كە ز‌وۆرترین رەگەزنامەیان پێبەخشراوە.

فەرمانگەی گشتی تۆماری خانوبەرەی توركیا، لە نوێترین ئاماری تایبەت بە پێدانی رەگەزنامە بە هاووڵاتیانی بیانی، ئاشكرایكردووە، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، 10 هەزار هاووڵاتی بیانی كە خانوبەرەیان بە بەهای 250 هەزار دۆلار لەو وڵاتە كڕیوە، بوونەتە خاوەنی رەگەزنامەی توركی.

ئاماژەی بەوەشكراوە، زۆرترین ئەو بیانییانەی كە لەڕێگەی كڕینی خانوبەرەوە لە توركیا بوونەتە خاوەنی رەگەزنامەی ئەو وڵاتە، هاووڵاتیانی ئێرانی و ئەفغانین، دوای ئەوانیش هاووڵاتیانی عیراقی دێن.

ئامارەكە دەریخستووە، ژماریە ئەو بیانییانەی كە لەو ماوەیەدا بوونەتە خاوەنی رەگەزنامەی توركیا، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار، بەرێژەیەكی زۆر بەرزبووەتەوە، كە تەنها حەوت هەزارو 500 كەس بووە.

پێدانی رەگەزنامەی توركی بە هاووڵاتیانی بیانی، بەگوێرەی یاسایەكی ئەو وڵاتە دێت، كە هەر كەسێك بەبەهای 250 هەزار دۆلار موڵك و خانوبەرە لە شارەكانی توركیا بكڕێت، دەتوانێت داوای رەگەزنامە بكات، ئەم یاسایەش ساڵی 2019 هەمواركرایەوەو بڕەكەی كەمكرایەوە،  كە تاساڵی 2018 ئەو بیانییەی كە خوازیاری وەرگرتنی رەگەزنامەی توركی بووایە، دەبوایە بەبڕی یەك ملیۆن دۆلار خانوبەرە بكڕێت.