قایمقامیەتی هەڵەبجە لە نوسراوێکدا ئاگاداری سەرجەم نانەواخانەکانی شارەکەی کردوەتەوە کە نرخی نان بەهەمان نرخی پێشوو بمێنێتەوە و (٨) نان بە هەزار دینار بفرۆشرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە نوسراوێکی لەبارەى نرخی نانەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، دوای گەیشتنی زانیاری لەبارەی گرانکردنی نرخی نان لە بەشێك لە نانەواخانەکان، لیژنەکەیان دەستیکردووە بە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، سەرجەم نانەواخانەکان ئاگادارکراونەتەوە، نرخی نان وەکو پێشوو بمێنێتەوە و هەشت نان بە هەزار دیناربێت.
هۆشدارى ئەوەش دراوە، هەر کەسێك گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا بکات، لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر دەکرێت.
راگەیەندراوەکە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەک لەخاوەن نانەواخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دژى گرانبوونی نرخی ئارد گردبوونەوە و داواشییانکرد، کە دەستبەجێ نرخی ئارد بۆ دۆخی پێشووتری بگەڕێتەوە.
لەماوەی رابردووشدا، بەهۆی گرانبوونی نرخی ئاردەوە، قائیمقامییەتی سلێمانی داوای لە نانەواخانەکان کرد کە کێشی (گونک)ی نان کەمبکەنەوە و ئەو خاوەن نانەوانەش دەڵێن، “ناتوانین بەردەوامبین لەکەمکردنەی کێشی (گونک)ی نان“.