وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان دەڵێت، رێز لە مافەكانی ژنان دەگرن، سیاسەتەكەیان ئەوەیە، ژنان دەتوانن بچنە سەر كار و بخوێنن. بەڵام دەبێت رەچاوی سەرپۆشین بكەن، تەنھا ئەوەندە.

سوھەیل شاھین، وتەبێژی تاڵیبان، لەبارەی دۆخی ئێستای ئەفغانستان و سیاسەتی تاڵیبانەوە قسەی بۆ كەناڵی بی بی سیی بەریتانی كرد. لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە سیاسەتی تاڵیبان لەبەرامبەر ژنان و كچان وتی: “رێز لە مافەكانی ژنان دەگرین. سیاسەتەكەمان ئەوەیە، ئافرەتان دەتوانن بچنە سەر كار و بخوێنن. دەبێت رەچاوی سەرپۆشین بكەن، تەنھا ئەوەندە. بورقە تاكە سەرپۆش نابێت، بژاردەی دیكەش دەبێت”. وتیشی:” رێگە بە ئافرەتان دەدەن كە بە تەنھا لە ماڵەكانیان بچنەدەرەوە.”

وتەبێژی تاڵیبان، متمانەی پاراستنی گیان و ماڵی خەڵك بە تایبەتی لە شاری كابوڵ دایەوە و گوتی: “چاوەڕوانی تێپەراندنێكی ئاشتییانەی دەسەڵات دەكەین. دەبێت شار و ھێز رادەستی ئەمارەتی ئیسلامی بكرێتەوە. دواتر لە داھاتوودا دەبینە خاوەنی حكوومەتێكی ئیسلامی ئەفغانیی گشتگیر بە بەشداری تەواوی ئەفغانییەكان”.

شاھین، لە وەڵامی پرسیاری ، ئایا خەڵكی ئەفغانستان، چاوەڕوانی ئەوە بكەن كە دەبێ بەپێی یاساكانی شەریعەت بە شێوەی تاڵیبان بژین؟ وتی: “بێگومان. حكوومەتێكی ئیسلامی گشتگیرمان دەوێت كە ھەموو ئەفغانییەكانی تێدابێت. ئەمە داواكاریی خەڵكی ئەفغانستانە”.

سەبارەت بە دۆخی میدیا، شاھین، ئاماژەی بەوە كرد، میدیا ئازاد دەبێت و وتی: “لە حكومەتی ئیسلامیدا، ھەبوونی میدیایەكی ئازاد بۆ رەخنەگرتن لە ھەموو كەسێك زۆر گرنگە. بەڵام دەبێت خۆیان لە تیرۆركردنی كەسایەتی بەدوور بگرن”.

سوھەیل شاھین، دەبارەی ئەو ئەفغانییانەی كە وڵاتەكەیان جێھێشتووە، وتی: “با كەس وڵاتەكە جێنەھێڵێت. پێویستمان بە ھەموو بەھرە و تواناكانە، پێویستە ھەموومان لە وڵاتەكە بمێنینەوە و بەشداربین”.