فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان لە شنگال رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کە یەکێک لە سەرنشینەکانى بەرپرسێکى پەکەکە بووە کراوەتە ئامانجى بۆردومانێکى تورکیا.
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان  رایگەیاند، زانیاری تەواویان لەسەر بۆردومانەکە نییە و نازانن بە درۆن یاخود فڕۆکەی جەنگی بۆردومانەکە ئەنجامدراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی زانیاریەکان ئۆتۆمبێلەکە چەند کەسێکی نزیك پەکەکەی لەناودا بووە.

بەوتەى حەیدەر شەشۆ، یەکێك لە سەرنشینەکان حەسەن سەعید حەسەن بووە کە بەرپرسێکی پەکەکەیە و لە ئەنجامى بۆردومانەکەدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات میدیاکانى نزیک لە پەکەکە بڵاویان کردەوە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی بازاڕی کۆنی شنگالیان لەناوەندى قەزاکە کردووە و شەهید و بریندار هەیە.