ماریا فەرهاد، كە لە 29ی تەمموز وەكو شاجوانی عیراق بۆ ساڵی 2021 هەڵبژێردرا، گەڕایەوە ناحیەی قەرەقوش لە دەشتی نەینەوا و لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە پێشوازی لێكرا.

ماریا لە پێکهاتەی ئایینی کریستیانی و خەڵکی دەشتی نەینەوایە، پێنجشەممە 12ی ئاب گەیشتە ناحیەی قەرەقوش زێدی لە دایكبون و نیشتەجێبونی و لەلایەن خەڵكەوە بە گۆرانی و موزیك و لەبەركردنی جلی رەسەنی كریستیانی پێشوازی لێكرا.

تەحسین حەداد، سەرۆکی لقی نەینەوای سەندیکای هونەرمەندانی عیراق وتی “مەراسیمێكی شایستەمان بۆ شاجوان رێكخست، لە هۆڵی سینەمای قەرەقوش  چەندین بڕگەی هونەریمان پێشكەشی شاجوان و ئامادەبوان كرد، كە لە خەڵكی قەرەقوش و هونەرمەندان و رۆشنبیرانی ناوچەكە پێكهاتبون”.

“جێگای شانازییە بۆ ئێمە کە کچێکی دەشتی نەینەوا بووە بە شاجوانی عیراق، بەهەموو توانایەکانی خۆمان پشتگیریی و هاوکاری ئەو دەبین و خەڵاتی رێزلێنانمان پێشكەشكرد”.