ئەرشەدى دەستگیراندار چاوى لەوە بوو لەڕێگەى بەخێوکردنى ئاژەڵەوە بڕێک پارە کۆبکاتەوە تا خانوە تەواونەکراوەکەى تەواوبکات و دەستگیرانەکەى بگوازێتەوە، بەڵام مینێک کۆتایی بە خەونەکانى هێنا.

 

ئەرشەد مەجید  25 ساڵ، ماوەى زیاتر لە شەش مانگ بوو ئەڵقەى دەستگیراندارى لەگەڵ کچێک گۆڕیبوەوە و سەرقاڵى کارکردن و تەواوکردنى خانوەکەى بوو، بەڵام تەقینەوەى مینێک کۆتایی بە ژیانى هێنا.

 

ئەرشەد کە دەرچووى پەیمانگا بوو  بەشى کارگێڕى بەهۆى ئەوەى دانەمەزرا بوو، شوانى کردبووە پیشەى، ڕۆژى چوارشەممە بۆڕزگارکردنى ئاژەڵەکانى لە ناوچەیەکى مینڕێژکراوى ناوچەى مۆرتکەى سەر بە شارۆچکەى دەربەندیخان  بووە قوربانى.

 

مامۆستا عەبدڵا براى ئەرشەد مەجید وتى  “عەسرى ڕۆژى چوارشەممە 11ى ئابى 2021 ئەرشەد بەلاى ئاژەڵەکانیەوە بووە دیارە بۆ ڕزگارکردنى ئاژەڵەکانى چووەتە ئەو شوێنە چونکە ئەو ناوچەیە لە مین پاک نەکراوەتەوە”.

 

ئەرشەد ماوەى ساڵێک لەڕێکخراوێکى مینهەڵگرتنەوەى فەرەنسى کاریکرد کەتایبەت بوو بە هەڵگرتنەوەى مین لە هەڵەبجە و کەلار و خانەقین کارى مین هەڵگرتنەوەى کردووە لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە، بێ ئاگا لەوەى دواجار هەر بە مین گیان لەدەستدەدات.

 

عەبدوڵا مەجید وتى، بەهۆى کارکردنى لەو ڕێکخراوە و کارکردنى تر بڕێک پارەى کۆکردبووەوە و چەند سەر مەڕ و بزنێکى کڕى بوو بە ئومێدى ئەوەى هەیکەلى خانوە تەواو نەکراوەکەى پێ تەواو بکات و دەستگیرانەکەى بگوازێتەوە تا ژیان دەست پێبکات.

 

ئەو شوێنەى کە مینەکە تێیدا بەئەرشەددا تەقییەوە لە گوندەکەى خۆیان پێیدەوترێت کڵاوەڕەش کە نزیکەى دوو کیلۆمەتر لەماڵیانەوە دوورە.

 

“چەند جارێک پێشنیارم بۆ کردووە بچێتە دەرەوەى وڵات بەڵام دیارە قەدەرى وابوو هەر لەم وڵاتە و بەبێ دامەزراندن سەربنێتەوە”، عەبدوڵا مەجید وایوت.

 

ئەرشەد سێیەم کوڕى خێزانەکەیەتى کە بەهۆى تەقینەوەى مینەوە گیان لەدەستبدات، لەساڵانى رابردوودا دوو کوڕى دیکەى ئەو خێزانە کە تەمەنیان هەشت ساڵ و نۆ ساڵ بوون بەهەمان هۆکار گیانیان لەدەستدا.