لەسەر سکاڵای پارێزەرێک و بەتۆمەتی خەڵەتاندن و سەرانەسەندن سەر لەبەیانی ئەمڕۆ فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن ئاسایشی گەرمیانەوە بۆ ئافرەتێکی گوماناوی و بەرپرسی پێشووی دژەتیرۆری گەرمیان دەرچوو.
 
بەپێی زانیارییەكانی سنورمیدیا، پێشتر کێشە لەنێوان ئافرەتێک و پارێزەرێک ھەبوە و ئافرەتەکە سکاڵای لەسەر پارێزەرەکە تۆمار کردبوو بە بیانوی ئەوەی پێشتر لە کاتی خەوتن لەگەڵیدا سکی لێی پڕ بووە و بەو ھۆیەوە وەکو پارێزەرەکە وتویەتی بە ھەڕەشە و ھەڵکوتانە سەر ماڵ و ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی بڕی ٨٤٠٠٠$ ھەشتا و چوار ھەزار دۆلاریان لێ سەندووە.
 
دوای ڕوداوەکانی ئەم دواییەی نێوخۆی یەکێتی پارێزەرەکە سکاڵای لە ئاسایش دژیان تۆمار دەکات و دەڵێت سکی ئەو ئافرەتە لەو نیە و ئەو کاری وای نەکردوە دوای لێکۆڵینەوەی دادی لەلایەن پۆلیسی گەرمیان دەرکەوت کە ژنە تۆمەتبارەکە حەملی نیە و حاڵەتەکەی ئاساییە ھەر بۆیە دەست بەجێ ژنەکە دەستگیر دەکرێت و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسەکەی پێشووی دژەتیرۆری گەرمیانیش دەردەکرێت لەسەر ھەمان دۆسیە .
 
سەرچاوەیەك لە ئاسایشی گەرمیان بە سنورمیدیای وت” ئافرەتەکەمان دەستگیر کردوە و لە ھەوڵی دەستگیرکردنی بەرپرسەکە و ئەو کەسەی تریشداین”.
 
سەرچاوەیەکیش لە پۆلیسی گەرمیان جگە لە پشت ڕاست کردنەوەی ھەواڵەکە بە سنورمیدیای ڕاگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن ئاسایشەوە بۆ ئەو بەرپرسە و کەسێکی تری نزیکیشی دەرکراوە بەڵام ھێشتا فەرمانەکە نەھاتوەتە پۆلیس .