سنورمیدیا – كاروخ عومەر
رۆژی چوارشەممە ١١-٨-٢٠٢١، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە هۆڵی شەهید ئارام لە مەڵبەندی ١ی رێكخستنی سلێمانی، و بەمەبەستی لەنزیكەوە بەئاگابوون لەڕاوبۆچوون و شێوازی كاركردن و خۆئامادەكردن بۆ قۆناغی داهاتوو، لەگەڵ ژمارەیەك لە جێگران و كارگێڕانی مەڵبەند كۆبۆوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رايگەياند یەكێتی، یەكێتی كۆمەڵانی خەڵكە، هەر بەرپرسێكیش لەئاست داواكاری خەڵك نەبوبێت و پۆستەكەی نەخستبێتە خزمەتی خەڵكەوە، ئەوە گوزارشت لە سیاسەت و بڕیاری یەكێتی ناكات، بۆیە پێتان دەڵێین بمانبوورن، دەزانین ناعەدالەتی زۆركراوە، بۆیە بەبێ چاوپۆشی دەبێت لێپرسینەوە بكرێت و ئەم چاكسازییە بەردەوام دەبێت.
لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، دەستخۆشی لە گشت هەڤاڵانی سنوری مەڵبەند كرد بۆ كۆشش و هەڵسوڕانیان لەبەجێهێنانی ئەركەكانی سەرشانیان و، هاوكات باسی لە هەلومەرجی خەباتی سیاسی (ی.ن.ك) لەم قۆناغەدا كراو ئەركی داهاتووی رێكخستنەكان خرایەڕوو.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەپێناو باشتر راپەڕاندنی كارو چالاكییەكانی هەڤاڵان لەسنووری مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی، چەندین ڕێنمایی و بەرچاوڕوونی بۆ داهاتووی كاركردنیان خستەڕوو، لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ناوخۆی یەكێتی، سیاسەتو تێڕوانینی یەكێتی لەبارەی ڕووداو پێشهاتەكان باس كرد.
لەدوا تەوەری كۆبوونەوەكەشدا ئامادەبوان سەرنج و تێبینی و پێشنیازی خۆیان لەپێناو بەرەوپێشچوونی زیاتری كاروبارەكان و یەكێتی خستەڕوو، بەڵێنی خزمەتكردنی زیاتری رێبازی مام-یان دووپات كردەوە.