وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی ڕایگەیاند، “ئەوەی لەلایەن ھەندێك ڕۆژنامەنووسەوە باس دەکرێت بە ناوی مامۆستا عەلی باپیرەوە لەسەر دەنگۆی ژەھرخواردکردنی ھاوسەرۆکی یەکێتی و گوایە لە دیداری لەگەڵ بەرێز کاک بافڵ تاڵەبانی باسکرابێ، دوورە لە راستییەوە.”

 

ڕۆژی شه‌ممەی ڕابردوو، 31ی تەموزی 2021، عەلی باپیر و شاندێکی یاوەری سەردانی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگییان کرد لە سلێمانی.

وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری لەبارەى ناوەڕۆکی سەردانەکان ڕایگەیاند، سەردانی عەلی باپیر بۆلای بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی لەسەر داوای یەکێتی بووە و “چوونمان بۆ نێوەندگیری نەبووە چونکە کێشەکە ئەوەندە ئاڵۆزە ڕەنگە بە نێوەندگیری ئێمە چارەسەر نەبێت.”

 

محەمەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای حزبەکەى کە “ناس کورد” بینیویەتی (2ی ئابی 2021) دەڵێت، کۆمەڵی دادگەری ڕێز لە بڕیاری حزبی و ناکۆکییەکانی یەکێتی دەگرێت بەڵام عەلی باپیر، سەرۆکى کۆمەڵی دادگەریش “بەهۆی پەرۆشی بۆ دۆخەکە چەندین جار پەیوەندی بە هەردوو هاوسەرۆکەوە کردووە تاوەکو بتوانن کێشەکان بە گفتوگ چارەسەر بکەن.”

 

وتیشی، “ئێمە لە سەردانەکانماندا هەستمان بە هیچ ئاماژەیەک نەکرد کە هەردوو هاوسەرۆک هێز بەرامبەر یەکتر بەکاربهێنن.”

 

لەبارەى بەکارهێنانی هێز لەدژی یەکتر، محەمەد حەکیم وتی، “ان شاءالله ئەوە ڕوو نادات و زمانی دیالۆگ زاڵ دەبێت.”

 

باسی لەوەشکردووە، “ئێمە چەندین ساڵە داوا دەکەین هێزی چەکدار بکرێتە یەک، ئەگەر جاران دەمانوت هێزی حزبی هەیە، بەداخەوە ئێستا هێزەکان بەناو بەرپرسانی یەک حزب دابەشبووە و مەترسی هەیە لە کێشەکاندا ڕووبەڕووبوونەوەى دروست بێت، بەداخەوە ئەوەشمان لە سلێمانی بینی لە ماوەی ڕابردوودا.”

 

محەمەد حەکیم باسی لەوەشکردووە، ئەگەر یەکێتی ڕێگە لەمە نەگرێت لە سلێمانی ئەوا زەرەرمەندی سەرەکی یەکێتی خۆی دەبێت.

 

زانیاری زیاتر لەبارەى ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان: