دکتۆرە نیکۆڵا، مامۆستای زانکۆ و کچی پێشمەرگەی دێرین ئەشرەف شاڵی-یە دەڵێت، “بافڵ تاڵەبانی پێ وتون، کە ھەنگاوەکانی بۆ گۆڕانکاری بەردەوام دەبن” ئەو دەشڵێت، “بەڵێنی پێداین چارەسەرکردنی کۆی کێشەکان بەئاڕاستەی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری بن”.

دکتۆرە نیکۆلا ئەشرەف شاڵی، کە ئەندامی ئەو دەستەیەیە بۆ ئاشتەوایی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی پێکهێنراوە، بە سنومیدیای راگەیاند”ئەمڕۆ لە 9ی ئابی 2021، لە ماڵە گەورەکەی سەرۆک (مام جەلال) لە دەباشان لەلایەن جەنابی ھاوسەرۆک (بافڵ جلال تاڵەبانی)، وەک دەستەی ناوەندگیری بێلایەن لە نێوان بەڕێزان ھەردوو ھاوسەرۆکانی (ی.ن.ک) بەگەرمی پێشوازیمان لێکرا”.

ئەو ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەھەمان شێوەی نەریتی سەردانی پێشومان، خاتو نیشتیمان (خێزانی شەھید مامە ڕیشەی نەمر) بەنوێنەرایەتی خوێنی سەرجەم شەھیدانی کوردستان و بنەماڵەکانیان یاداشتەکەی پێشکەشی ھاوسەرۆک کرد، بەندەش وەک ئەکادیمیست و کچی پێشمەرگەی دێرینی کوردستان و بەنوێنەرایەتی بنەماڵەی پێشمەرگە و ڕێکخستن و تێکۆشەرە دێرینەکانەوە کۆی یاداشتەکەم بۆ ھاوسەرۆک و ڕای گشتی خوێندەوە، پاشان ھەریەک لە نوێنەرانی سەرۆک ھۆزەکان و پیاوانی ئاینی لەچوارچێوەی یاداشتەکەدا قسەی خۆیان کردووە”.

ئەم سەردانەی دەستەیە پاش ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی ڕابردوو، سەردانی لاهور شێخ جەنگی-یان کرد، دکتۆرە نیکۆڵا ئەوە ئاشکرادەکات، “کۆبونەوەکەیان لەگەڵ ھاوسەرۆکیی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی، نزیکەی 7 کاتژمێر لە (11:30 بەیانی بۆ 6 ی ئێوارە)ی خایاندووە.

بە وتەی ئەو، “بافڵ تاڵەبانی بەوردی کۆی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی خستۆتەڕوو کە خاڵی ناکۆکی بوون لە نێوان خۆی و لاھور شێخ جەنگی، ھەروەھا باسی لەکۆی ئەو پاڵنەر و ھۆکار و ھەنگاوانە کرد کە بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی ناویەتی، ھەروەھا پێی ڕاگەیاندین کە ھەنگاوەکانی بەردەوام دەبن”.

وتیشی “دوای گفتۆگۆیەکی دورودرێژ و چڕوپڕ، جەنابی ھاوسەرۆک (بافڵ تاڵەبانی)، بەڵێنی پێداین چارەسەرکردنی کۆی کێشەکان بەئاڕاستەی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتر شاری سلێمانی دەبێت، ھەروەھا بەڵێنی پێداین کە یەکێتی دەپارێزێ و بەھیچ جۆرێک لەڕێبازی سەرۆک مام جلال لانادات، بەپێچەوانەوە بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەکەوێتە ئەستۆی”.

ماوەی هەفتەیەکە زیاتر لە 70  سیاسەتوان و رۆشنبیر و کادری حزبی، دەستەیەکیان بۆ ئاشتەوایی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی پێکهێناوە و تائێستا بۆ یەکجار لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی کۆبوونەتەوە.
کۆپییەک لە یاداشتەکە:
May be an image of text
May be an image of text
May be an image of text
May be an image of text