ئاماری گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بە شێوەیەک هەر دوو خولەک جارێک کەسێک بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە ئێران دەمرێت.

 

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند، ئاماری ڕۆژانەی مردن بە کۆرۆنا بەرزبووەتەوە بۆ 588 حاڵەت تەنها لە یەک ڕۆژدا.

 

دەسەڵاتدارانی تەندروستیی ئێرانی گلەیی ئەوە دەکەن کە هاوڵاتیان یاساکانی دورەپەرێزی کۆمەڵایەتی پشتگوێ دەخەن و پابەندی ڕێنماییەکان نابن، میدیای فەرمی دەوڵەتیش دەڵێت، نەخۆشخانەکانی زۆرێک لە شارەکان چیتر توانای لەخۆگرتنی نەخۆشی تریان نییە و پڕبوون.

 

هاوکات هەندێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەیان لە حکومەت و وەزارەتی تەندروستی گرت لە بەرامبەر خاوی هەڵمەتی کوتاندا کە تا ئێستا تەنیا لە 4%ی دانیشتوان کوتراون کە 83 ملیۆن کەسە.

 

کۆی گشتی حاڵەتەکان مردن بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە گەیشتووەتە 94 هەزارو 603 کەس، بە وتەی وەزارەتی تەندروستی، لە 24 کاتژمێری ڕابردودا، 40 هەزارو 808 حاڵەتی توشبوون دەستنیشانکراون و کۆی گشتی توشبووانی گەیاندووەتە چوار ملیۆن و 199 هەزارو 537 کەس، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەى شەپۆلی پێنجەمی پەتاکە کە زۆربەى لە جۆری دەلتایە.

 

تەلەفزیۆنی فەرمی دەوڵەت وتیشی، “هەر دوو چرکە جارێک کەسێکی نوێ لە ئێران تووشی نەخۆشی دەبێت و نزیکەی هەر دوو خولەکێک کەسێک بە ڤایرۆسەکە دەمرێت، لەکاتێکدا مانگێک لەمەوپێش هەر سێ خولەک جارێک کەسێک مردووە”.

 

لە زۆربەی پارێزگاکانیشدا ئاستی ئاگادارکردنەوە لە پرتەقاڵی کەم مەترسیەوە بەرزکراوەتەوە بۆ سوری مەترسی بەرز.