وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت کە بەمزووانە د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی وڵاتەکەیان دەکات و تاوەکو ئێستا دیار نییە کە وەزیری دەرەوەی عێراق چ پەیامێکی بۆیان هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 09-08-2021 سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی عێراق بەمزووانە سەردانی ئێران دەکات، هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات، ئێران داوای گفتوگۆکردن لەبارەی کێشەکانی ناوچەکە دەکات و عێراقیش دەتوانێت لە گفتوگۆکاندا رۆڵی هەبێت.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە رووداوی راگەیاند کە تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی لەبارەی سەردانەکەوە نییە و وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش هیچ راگەیێندراوێکی لەو بارەوە نییە.