بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویستە حكوومەتی عێراق بەكردار هەنگاو لەدژی چەكدارانی پەكەكە لە خاكی هەرێمی كوردستاندا بنێت، چونكە خۆیان هاوكارییان دەكەن و ناكرێت تەنها بەقسە باس لەوە بكەن كە پەكەكە كێشەیە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان.
ناسر هەركی، پەرلەمانتاری پارتی، كە بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقە، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، ”هەمووان دەزانین پەكەكە كێشەیە، بەڵام پێویستە حكوومەتی عێراق كە لایەنی جێبەجێكارە بڕیاری خۆی هەبێت لەبارەی بوونی پەكەكە، بەڵام خاوەن بڕیار نین، چونكە سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگریی عێراق دەزانن پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقیشی بەزاندووە و سەروەریی خاكی عێراقیشی پێشێل كردووە و لە شنگالیش هەر ماون و دەسەڵاتدارن و ئەوانەی لە حكوومەتیش بەشدارن پاڵپشتی لە پەكەكە دەكەن.”
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی باسیلەوەشکردووە، “پێویستە بڕیارێك هەبێت لە حكوومەتی عێراق كە نابێت هیچ هێزێكی بیانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەبێت، بۆیە پێویستە بە كردار ئەو كارە بكەن، نەك تەنها بەقسە نەبێت، چونكە لە شنگال ڕێككەوتن كراوە و جێبەجێ نەكراوە، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق لەدژی پەكەكە هەنگاو بنێت.”