بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بێدەنگی شکاندو لەگەڵ ھەردوو ھاوسەرۆک کۆبووەوە، بەڵام نەیتوانی بیانگەیەنێتە چارەسەر.
ئێوارەی دوێنێ بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بەجیا لەگەڵ ھەریەکە لە لاھور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو یەکێتی بە (درەو)ی راگەیاند، ھەوڵەکەی بەرھەم ساڵح بێ ئاکام بووە، چونکە تائێستا ھەردوو ھاوسەرۆک سورن لەسەر قسەی خۆیان، بافڵ تاڵەبانی دەڵێ دەبێت لاھور شێخ جەنگی سەرەتا دەست لە پۆستی ھاوسەرۆک بکێشێتەوەو دواتر کێشەکە ببرێتە ئەنجومەنی سەرکردایەتی، لاھور شێخ جەنگی رەتیدەکاتەوەو داوا دەکات کێشەکان بەگشتی لە سەرکرداتەتی یەکلابکرێنەوە.
ماوەی مانگێک تێپەڕی بەسەر تەقینەوەی ناکۆکی نێوان ھاوسەرۆکەکاندا، ھەموو ھەوڵەکان بۆ چارەسەر بێ ئەنجام ماونەتەوەو سەرکردایەتی یەکێتیش تائێستا نەیتوانیوە کۆببێتەوە.
بەرھەم ساڵح کە لەسەرەتای ناکۆکییەکانەوە ھەوڵیدا نێوەندگیریی بکات، ھەرزوو کشایەوەو بێدەنگی لێکردو گەڕایەوە بۆ بەغداد.
ھەندێک لە یەکێتییەکان ئەم بێدەنگییەیان بۆ ترسی ئەو لە چارەنوسی خولی دووەمی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار دەگەڕێننەوە.
بێدەنگی بەرھەم ساڵح لەنێوان ھاوسەرۆکەکان وەکو بێلایەنبوونی لێکنەدرایەوە، چونکە بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، لاھور شێخ جەنگی تۆمەتباری کردووە بەوەی پاسەوانی سەرۆك كۆمار، بە فەرمانی بەرھەم ساڵح چونەتە سەر ماڵەکەی لە بەغدادو دەستیان بەسەردا گرتووە، بەرھەم ساڵح لەمبارەیەوە ئێوارەی دوێنێ بە لاھور شێخ جەنگی راگەیاندووە ئەو ئاگادار نەبووەو هێزەكە لەسلێمانیەوە هاتووەو یەكێتی ناردوویەتی.