ئەمڕۆ یەکشەممە 33 ساڵ بەسەر راگرتنی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران تێپەڕدەبێت کە لە 22ی 9ی 1980 بەفەرمی دەستیپێکرد و لە 8ی8ی1988 ڕاگیرا.
22ی ئەیلولی 1980 جەنگی ئێران و عێراق هەڵگیرسا. ئەو جەنگە بە جەنگی کەنداوی فارسی یەکەم دەناسرێت، بە یەکێک لە درێژترین جەنگەکانی سەدەی بیست دادەنرێت.
ئەم جەنگە بەهۆی ناکۆکییەکانی دیارکردنی سنووری نێوان هەردوو وڵات هەڵگیرسا، لە ساڵی 1937 لیژنەیەکی نێودەوڵەتی سنووری نێوان هەردوو وڵاتی دیارکرد، بەڵام دواتر نە عێراق دانیپێدانا نە ئێرانیش قبوڵیکرد.
دوای ئەوەی سەددام حسێن، بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق و شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەڵگیرسا، سەددام حسێن تاک لایەنە رێککەوتننامەکەی جەزائیری هەڵوەشاندەوە و کۆماری ئیسلامی ئێرانی تۆمەتبار کرد بە هاندانی شیعەکانی عێراق دژی دەسەڵاتی بەعس.
لە بەرامبەریشدا حکومەتی ئێران سەددامی تاوانبارکرد، کە عەرەبەکانی خوزستان وتەنانەت کەمینەی سوننی بەلوچیش دژی ئێران هاندەدات، بۆیە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی هەردوولا بەبن بەست گەیشت، بەڵام چاودێران پێانواییە گەشانەوەی ئابووری عێراق و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، هۆکارێکی دیکەی هەڵگیرسانی جەنگی عێراق و ئێران بووە.
لە 22 ئەیلول 1980 سوپای عێراقی هێرشی ئاسمانی دواتر زەمینی بۆ سەر شاری خورەمشەهر ئەنجام دا.
لە ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر لە 30 وڵاتی جیهانی بە ناراستەوخۆ لەو جەنگە تێوەگلان، هەندێکیش وەک جەنگی ساردی نێوان یەکێتی سۆڤێتی جاران و ئەمریکا دەیانخوێندەوە.
لە 8-8-1988 بە پێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش، جەنگەکە کۆتاییهات.