سەرپەرشتیاری میحوەری مەخمور-گوێر رایگەیاند، بۆشاییەكی زۆری ئەمنی هەیە لەنێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق، هەر بۆیە داعش سود لەو بۆشاییە وەردەگرێت، هاوكات باس لەوەشدەكات، كشانەوەی هاوپەیمانان دەبێتە كارەسات بۆ عێراق.
سیروان بارزانی سەرپەرشتیاری میحوەری مەخمور-گوێر لەچاوپێكەوتنێكدا سەبارەت بە روداوەكەی مەخمور كە چەكدارانی داعش ژمارەیەك كەسیان رفاند و لەنێویاندا ژمارەیەك هاوڵاتی كورد هەبوو رایگەیاند،”روداوەكە لە بۆسەیەكی چەكدارانی داعش بوو كە ئەو چەكدارانە جلوبەرگی سەربازیی سوپای عێراقیان لەبەربوە، بازگەیەكیان لەنزیك گوندی كەنداڵ لەسەر رێگەی دیبەگە – مەخمور دانابو، لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی برینداركران و 12 رفێنران و 7 لەوان ئازادكران”.
هەروەها باسی لەوەشكرد، “ناسنامەی ئەو پێنج كەسەی رفێندران لەلای ئێمە هەیە و تا ماوەیەكی زۆر ئاگاداری ئەوەبون بۆ كۆێ براون كە دەشتی قەراج بوە، بەڵام دوای ئەوە زانیاریمان لانییە كە بەتەواوەتی لە كوێن، بەڵام دەزانین نەكوژراون”.
سەرپەرشتیاری میحوەری مەخمور-گوێر لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانانیش لە عێراق وتی، “داعش لە سەرتاسەری ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی بون و سونەنشینن چالاكییان زیاتربوە و زیاتریش دەبێت، بۆیە كشانەوەی هاوپەیمانان دەبێتە كارەسات بۆ عێراق، چونكە بە بێ تەكنەلۆژیای ئەوان بەرەوپێشچوون و بەهێزبونی داعش 10 هێندەی ئێستا زیاتر دەبێت و 10 هێندەی ئێستا زیاتر كردەوەیان دەبێت، بەتایبەت لە نەینەوا جموجوڵی داعش 10 جار زیاتر دەبێت، تەكنەلۆژیای هاوپەیمانان بەتایبەتی درۆنەكانیان زۆر خزمەت بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەكەن”.