قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بڕیاری دا بە جێگیرکردنی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەر بە دەزگای ئاسایشی ھەرێم لە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان و چەندین خاڵی تری گومرگی “بە مەبەستی ڕێگریکردنی لە قاچاخچییەتی.”
بەپێی قسەى سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ “ناس کورد”، بڕیارەکە لە سبەینێ دووشەممەوە، 9ی ئابی 2021، جێبەجێ دەکرێت و مەبەستی لێی “دانانی ئەو هێزانە بەمەبەستی ڕوبەڕوبوونەوەی قاچاخچێتی و یاساشکێنان و ئەوانەیە كە لە دەرەوەی ڕێنمایی و بڕیارەکانی حکومەت کاردەکەن”.
وتیشی، “ئەم ھەنگاوە سەرەتایەکی گرنگە بۆ چاکسازی و سەروەریی یاسا و پارێزگاریکردن لە مافی گشتی”.
لە ماوەی ڕابردوودا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لە حکومەتی هەرێمەوە پێکهێنرا بە مەبەستی نەهێشتن و کەمکردنەوەى دیاردەی قاچاخچیەتی لە خاڵە سنورییەکان و هێزێکی هاوبەشیش لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە بۆ ئەو مەبەستە دروست کرا.
هاوکات عەلی حوسێن، ئەندامی سەركردایەتی پارتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندیەكانی كوردستان و عێراقی ئەو حزبە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (25ی تەموزی 2021) لەبارەى بنبڕکردنی قاچاخچییەتی لە دەروازە سنورییەکان وتی، حکومەتی لیژنەیەکی پێکهێناوە و قوباد تاڵەبانیش سەرپشککراوە و هێزێکیشی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە.
وتیشی، بابەتی قاچاخچییەتی پەیوەندی بە یەکێتی و پارتییەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە، نوێنەری حکومەت کاک قوباد تاڵەبانی سەرپشک کراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی هەموو دەروازە سنورییەکان، حکومەت لیژنەیەکی پێکهێناوە و هێزێکی وەزارەتی ناوخۆش بۆ ئەو بابەتە ماوەیەکە دەستبەکاربووە.”