ئاژانسی بی بی سی لەچەند سەرچاوەیەکی دەسەڵاتی ئەفغانستانەوە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە چەکدارانی تاڵیبان شاری شبەرغانی پایتەختی ویلایەتی جۆزجانیان لەباکوری وڵاتەکە کۆنتڕۆڵکردوە، ئەوەش دەبێتە دوەم پایتەختی ویلایەتەکانی ئەفغانستان کە لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا بەبێ روبەڕوبونەوە لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
ئاژانسەکە لەهەواڵێکدا باسی لەوەشکردوە، دوەمین پایتەختی ویلایەت لەباکوری ئەفغانستان لەلایەن چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵکراوە، ئەویش شاری شبەرغانی پایتەختی ویلایەتی جۆزجانە، بەرپرسانی ویلایەتەکەش هۆکارەکەی بۆ هاوکارینەکردنیان و نەبونی توانای سەربازی دەگەڕێننەوە.
پەیوەست بەم بابەتەش دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان بڵاویانکردەوە، چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان ئەمڕۆ شەممە شاری زەرنجی پایتەختی ویلایەتی نیمروزیان کۆنتڕۆڵکرد و لەکابوڵیش بەرپرسی راگەیاندنی حکومەتی ئەفغانستان لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و کوژرا.
روح غیل خێرزاد، حاکمی ویلایەتی نیمروز کە دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای ئەفغانستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە، ئەمڕۆ شەممە شاری زەرنجی پایتەختی ویلایەتەکەیان لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە کۆنتڕۆڵکرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی حکومەتی کابول وەڵامی بانگەوازەکەیانی لەبارەی گەیاندنی یارمەتی سەربازی نەداوەتەوە، بەتایبەتیش شارەکە ماوەیەکە لەژێر هەڕەشەدابوە.
بەگوێرەی ژمارەیەک ڤیدیۆ کەلەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان لەشەقامەکانی شاری زەرنج هاتوچۆ دەکەن و بارەگای حاکمی ویلایەت و پۆلیسی ناوخۆیی شارەکەیان کۆنتڕۆڵکردوە.