وەزارەتی دەرەوەی ئێران، روونكردنەوەیەك لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەكاتی پێشوازیكردن لە نێچیرڤان بارزانی لە فڕۆكەخانەی میهرئاباد، بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، هەڵەیەكی پرۆتۆكۆلی بووە.
وەزارەتەكە لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، لەكاتی پێشوازیكردن لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی میهرئاباد لەتاران، بەهۆی هەڵەیەكی پرۆتۆكۆلییەوە، لەبری ئاڵای عیراق، ئاڵای هەرێمی كوردستان هەڵكرابوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوەی گرنگە، لەكاتی دیدارەكەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئێران، تەنها ئاڵای عیراق دانرابوو، كە ئەمەش كارە راستەكە بووە.
وەزارەتەكە جەختی لەوەكردووەتەوە كە كۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە پێداگری لە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عیراق و رێزگرتن لەسەروەریی ئەو وڵاتە دەكاتەوەو لەو پێناوەشدا پیرۆزترین خوێنی بەخشیوە.
ئێوارەی دوێنێ 5-8-2021، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای هەرێم، گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران بەمەبەستی بەشداریكردن لە رێورەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی ئەو وڵاتە، لەكاتی گەیشتنیشی بۆ فڕۆكەخانەی میهرئاباد، بە ئاڵای كوردستانەوە پێشوازی لێكرا.