لە نامەیەكی كراوەدا رێكخراوی رایەڵی كوردی بۆ هۆشیاری رۆژنامەوانی
هۆشداری دەداتە هاوسەرۆكان و بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئاماژە بەوە كراوە، لە دوای 8ی تەموزەوە دۆخێكی ناجێگیر لە سلێمانی دروست بووە.
 
دەقی نامەكە:
 
نامەیەكی كراوە بۆ:
هاوسەرۆكان/ مەكتەبی سیاسی/ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشمانی كوردستان
 
بەڕێزان بەم نامەیە دەمانەوێت ئاگادارتان بكەینەوە، لەو دۆخەی لەدوای رۆژی هەشتی تەممووز، لەشاری سلێمانی بۆ خەڵكی بەگشتی‌و رۆژنامەنووسان بەتایبەتی دروستتان كردووە.
 
ئێمە لەڕێكخراوی ڕایەڵی كوردی ئاگادارتان دەكەین‌و هۆشداریتان پێدەدەین، كە چەند رۆژێكە دۆخێكی زۆر خراپ‌و مەترسیدارتان بۆ شاری سلێمانی دروست كردووە، ئەوەش كاریگەری زۆری لەسەر تاك بەتاك كۆمەڵگە دروست كردووە.
 
بێگومان بەم دۆخەی ئێوە دروستان كردووە، رۆژنامەنووسان بەتایبەتی كەوتوونەتە دۆخێكی زۆر خراپەوە، بەوەی بەشێكی زۆریان ژیانیان لەمەترسیدایەو بەشێكی تریشیان كارەكانیان لەدەستداوەو ئەو بەشەشی، كە ماوە بە ترس‌و لەرزەوە كار دەكات‌و هەر رۆژەو مەترسییەكی نوێی لەسەر دروست دەبێت.
 
ئەم نامەیە وەك هۆشدارییەك دەدەینە بەرێزتان، بەوەی هەر كێشەیەكتان هەیە، یان لەرێگەی دادگاوە، كە خۆتان پەناتان بۆ بردووە، یان لەرێگەی سەركردایەتی حیزبەكەتان‌و بەگەڕانەوە بۆ پەیڕەوی ناوخۆ چارەسەری بكەن، بە پێچەوانەوە دڵنیاتان دەكەینەوە رۆژ بەرۆژ دۆخی خەڵكی بەرەو خراپتر دەچێت، كە دواجار زیانمەندی گەورەش لەو دۆخە پێش هەموو كەس، خۆتان‌و حیزبەكەتان دەبێت.
 
هەروەها ئاگادارتان دەكەینەوە، ئێمە وەك رێكخراوی ڕایەڵی كوردی بۆ هۆشیاریی رۆژنامەوانی، چیتر لەئاست ئەو پێشیلكاری‌و بەسەربازیكردنی شاری سلێمانی بێدەنگ نابین، چونكە شاری سلێمانی لەرۆژی دروستبوونییەوە تائێستا شاری رۆشنبیری‌و ئازادی رادەربڕین بووەو رێگەنادەین، خواستەكانی ئێوە ئەم شارە بەرەو دواوە بەرێت‌و هەموو هەوڵێك دەدەین، ناوەندو رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەم دۆخە ئاگادار بكەینەوە.
 
رێكخراوی رایەڵی كوردی بۆ هۆشیاری رۆژنامەوانی
6/8/2021