شێخ نەهرۆ كەسنەزانی، سەرۆكی تەریقەتی كەسنەزانی لە جیهان رایگەیاند، بەردەوام پەیوەندی بە هاوسەرۆكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە دەکات تاوەكو كێشەكانیان چارەسەر بكەن و نەگاتە بنبەست، لە هەمانكاتدا شاندێكی مامۆستایانی ئایینی بە نوێنەرایەتی مامۆستا مەلا عەبدلوەهاب بەرزنجی، ئەندامی ئەنجومەنی كەسنەزانی، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان سەردانی هاوسەرۆكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان كردوە.

شێخ نەهرۆ كەسنەزانی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای سەرۆكایەتی تەریقەتەكە لە سلێمانی رایگەیاند، ئەوان هەمیشە لەپەیوەندیدان لەگەڵ هەردو هاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی.

ئاماژەی بەوەشکرد، “سەرەڕای پەیوەندی تەلەفۆنی بەردەوام بەهاوسەرۆكانی یەكێتیەوە، دوبارە سەردانی بەڕێزان بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردوە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان، ئەو شەوەی كە خەریك بو گرژیەك لە سلێمانی دروست بێت پەیوەندی پێوەكردون و بارودۆخەكەی هێوركردوەتەوە”.

بەپێی راگەیەندراوێکی تەریقەتی كەسنەزانی لە جیهان، “هەر لەسەرەتای دروستبونی كێشەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان شێخ نەهرۆ كەسنەزانی سەردانی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكانی یەكێتی كرد و بەڵێنیان پێدابو كە لەدانیشتن و دیالۆگ و گفتوگۆ بەردەوامبن و بەزوترین كات كێشەكانی یەكێتی نێشتیمانی كوردستان چارەسەربكەن،.

لەلایەكی دیكەوە شاندێكی مامۆستایانی ئایینی بە نوێنەرایەتی مامۆستا مەلا عەبدلوەهاب بەرزنجی ئەندامی ئەنجومەنی كەسنەزانی سەردانی بەڕێزان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كرد و داوایان لێكردن بە زوترین كات كۆتایی بەكێشەكانیان بهێنن.

عەبدلوەهاب لەلێدوانێكی رۆژنامەوانی لە بارەگای سەرۆكایەتی تەریقەتی كەسنەزانی لەسلێمانی رایگەیاند، “دەرگای گفتوگۆ و دیالۆگ لەنێوان ئێمە و هاوسەرۆكانی یەكێتی بەڕوماندا دانەخراوە و بەواڵایی ماوەتەوە و هێوادارین بتوانین لەرێگای ئەو دەرگایەوە كێشەكان چارەسەربكەین”.