لە٤٨ كاتژمێری رابردوودا، ١٣ تاوەری گواستنەوەی كارەبا لە پارێزگاكانی كەركووك، سەڵاحەددین و نەینەوا باكووری عێراق تەقێنراونەتەوە.

وەزارەتی كارەبای عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند، بۆ رۆژی دووەم لەسەر یەك كردەی تێكدەرانە بۆسەر تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبای نیشتمانیی لە پارێزگاكانی كەركووك، سەڵاحەددین و نەینەوا ئەنجامدراون.

لە بەیاننامەكەی وەزارەتی كارەبای عێراقدا هاتووە: “لە ٤٨ كاتژمێری رابردوودا، ١٣ تاوەری گواستنەوەی كارەبا لەڕێگای بەئامانجكردنی راستەوخۆ بۆ هێڵەكانی گواستنەوەی كارەبا لەنێوان پارێزگاكانی سەڵاحەدین، كەركووك و نەینەوا بە پێنج تەقینەوەی سیستەماتیك و لەیەك كاتدا، تەقێنراونەتەوە”.

لە بەیاننامەكەدا ھاتووە “ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، ھێڵی گواستنەوەی كارەبای كەركووك-گەیارەی گازی تەقێنراوەتەوە كە توانای گواستنەوەی كارەبای ٤٠٠ كەی ڤی-یە و ھەر لەڕێی تەقاندنەوەی بۆمبی چێنراو تاوەرەكانی ژمارە(١١٦ و ١١٧ و ١١٨ و ١١٩ و ١٢٠) و لەھەمان شەودا، ھێڵی گواستنەوەی كارەبای شەھید عەبدوڵڵا-ئەلدۆر و باكووری پارێزگای سامەڕا كێڵگەی نەوتی عجێل كە توانای گواستنەوەی كارەبایان ١٣٢ كەی ڤی-یە و لەھەمان كات و ساتیشدا، تاوەرەكانی ژمارە (٣٢٧ و ٣٣١ و ٣٢٩ و ٣٢٩ و ٣٣٠ ) ھێڵی شەھید عەبدوڵڵای پارێزگای سەڵاحەددین تەقێنراوتەوە كە توانای گواستنەوەی كارەبای ١٣٢ كەی ڤی بووە و لەڕێی بۆمبی چێنراودا تاوەری ژمارە ٥٤ی ھێڵی گواستنەوە سامەڕا لە باشووری پارێزگای تكریت تەقێنرایەوە و لەھەمان كاتیشدا، تاوەرەكانی ژمارە(٩٣ و ٩٤)ی ھێڵی گواستنەوەی كارەبای گەیارە-كەركووك تەقێنراوەنەوە كە بەرھەمی كارەبای ٤٠٠ كەی ڤی بووە”.

وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە سەرقاڵی پلانێكی بەپەلەن بۆ چارەسەركردنی ئەو ھێڵانەی كە لەلایەن تیرۆریستانەوە تەقێنراونەتەوە و ھێزە ئەمنییەكانیش بەڵێنی پاراستنی تاوەرەكان و ئەو تیمانەیانداوە كە ئەركی چاككردنەوەی تاوەرەكانیان لەئەستۆدایە و بەزووترین كات ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، چونكە بەھۆی بەرزبوونەوی پلەكانی گەرماوە خواست لەسەر بەكارھێنانی كارەبای نیشتمانیی زیاتر بووە .

تەقاندنەوەی تاوەرەكانی كارەبای نیشتمانیی لە كاتێكدایە كە لە ماوەكانی رابردوودا، ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركووك ئاماژەی بۆ ئەوەكردبوو كە هێزی ئەمنی بۆ پاراستنی تاوەرەكانی كارەبای نیشتمانیی جێگیركراون بۆ پاراستنیان لە تەقاندنەوە.