سهرۆك كۆماری عێراق گهیشته تارانو لهگهڵ سهرۆكی نوێی ئێران كۆبۆوهو پشتیوانی ئێرانیشی بۆ عێراق بەرزنرخاند بەتایبەتی لەجەنگی دژ بەداعش، جهختیشیكردهوه، عێراق پشتیوانی دەکات لەپاراستنی سەقامگیرییو ئارامی ناوچەکەو کۆتاییهێنان بەتەنگژەکان.
دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عیَراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئابی 2021 لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران کۆبووەوە لەتاران، بەئامادەبوونی هەردوو وەزیری دەرەوەی عیَراقو ئێرانو ژمارەیەک لەگەورە بەرپرسانی هەردوو وڵاتو سەبارەت بەدۆسێ هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێو پتەوکردنی پەیوەندییەکانو گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گفتوگۆکرا.
لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا د.بەرهەم ساڵح پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی ئیبراهیم رەئیسی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێرانو هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەئەرکەکانیدا، هەروەها ئومێدی پێشکەوتنو خۆشگوزەرانی زیاتری بۆ گەلی ئێرانی دۆست خواست، هاوکات سوپاسی خۆشی دوپاتکردەوە بۆ بانگهێشتکردنی بۆ ئێران، لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئێران بەگەرمی بەخێرهاتنی بەرهەم ساڵحی کرد بۆ تاران.
هەر لەکۆبونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ کە پەیوەندییەکی مێژوویی هاوبەشی گرنگەو بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە لەڕووی کۆمەڵایەتیو ئاینیو فەرهەنگیو جوگرافیو ڕۆشنبیریی، هەروەها سوودی بۆ هەردوو وڵاتو تەواوی ناوچەکە هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش جەختکرایەوە لەپێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکانو کاراکردنی لێکتێگەیشتنو ڕێککەوتننامە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتی ئابوریو بازرگانی.
لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق پشتیوانی ئێرانی بۆ عێراق بەرزنرخاند، بەتایبەتی لەجەنگی دژ بەداعش، هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق پشتیوانی دەکات لەپاراستنی سەقامگیرییو ئارامی ناوچەکەو کۆتاییهێنان بەتەنگژەکانی ناوچەکە، بۆیە کاردەکات لەپێناو ئەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییەکانی سەرجەم گەلانی ناوچەکە.
سەرۆک کۆماری عێراق جەختیکردەوە لەوەی، ناوچەکە پێویستی بەلەیەکگەیشتنو هەماهەنگیکردنو چڕکردنەوەی هەوڵەکانە بەپشتبەستن بەدیالۆگی بونیاتنەرانە لەپێناو هێنانەدی سەقامگیریی بۆ تەواوی ناوچەکەو بەرەنگاربوونەوەی زۆرێک لەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی وڵاتانی ناوچەکە دەبێتەوە، گرنگترینیان بەگژاچوونەوەی تیرۆرو قەیرانی تەندروستیو پەتای کۆرۆناو مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەواو پاراستنی ژینگەیە.
هەروەک دووپاتیکردەوە، پاراستنی ئاسایشو سەقامگیریی عێراق بنەمایەکی گرنگی پاراستنی ئاسایشو سەقامگیری ناوچەکەیەو فاکتەرێکیشە بۆ پێکەوە بەستنەوەی ئابووری.
لای خۆییەوە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران جەختیکردەوە لەپتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئێرانو عێراق لەکەرتە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی لەڕووی کۆمەڵایەتیو ئاینیو کولتوورییەوە، هاوکات پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ پاراستنی ئاسایشو سەقامگیری عێراق دووپاتکردەوە، هەوڵەکانی عێراقیشی بۆ چەسپاندنی سەقامگیریو ئارامی وڵاتانی ناوچەکە بەرزنرخاند.