سەنتەری ئیمارات بۆ سیاسەت پێشبینی دەكات ڕووداوەكانی یەكێتی بە بردنەوەی ماڵی تاڵەبانی كۆتایی بێت و پارتی و یەكێتی زیاتر لەیەكتر نزیك بكاتەوە، بەڵام یەكێتی هەر لەبەردەم مەترسی بزووتنەوە نوێیەكانی سلێمانی و كێشەو گێژاوی ناوخۆییدا دەبێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەنتەرەكە (epc)، بافڵ تاڵەبانی، دەڵێت جاسوس لەماڵەكەی دانراوە و هەوڵی ژەهرخواردكردنی دراوە، لەدوای ئەوەش بەكردەیی لاهور جەنگی داماڵراوە لە دەسەڵات لە شێوەیەكی “كودەتای نەرم”.
هەروەها دەڵێت ” لاهور لەگەڵ سەربەخۆیی سلێمانیجا بووە، لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی كردووە، لەگەڵ پەكەكە پەیوەندی دروستكردووە كە دوژمنی پارتییە”. باسی لەوەشكردووە ” توركیا دڵخۆشە بەوەی ڕوویداوە بەڵام دوورە دەستی هەبووبێت تێیدا”.
لەكۆتاییدا ڕاپۆرتەكەی سەنتەری ئیمارات دەڵێت “براوە ماڵ تاڵەبانین و لاهور لە لاوازترین دۆخدایە”. هەروەها جەخت لەوەش دەكاتەوە “لەپاش ئەم ڕووداوانە پارتی و یەكێتی نزیك دەبنەوە لەیەكتر بەڵام یەكێتی هەر لەگێژاوی ئاژاوەدا دەمێنێتەوە و بەردەوام بزوتنەوەی نوێی بۆ دروست دەبێت لەسلێمانی”.
ئێوارەی 8 تەموزی 2021، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆریان گۆڕی كە یەكەمیان كەسێكی نزیكی لاهور جەنگی و ئەویتریان پۆلاد جەنگی بوو، بەدوای ئەوەشدا بافڵ تاڵەبانی دەستی گرت بەسەر دەزگا میدیایی و حزبییەكانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكەیتری یەكێتی و پرۆسەكەش لەمیدیای ئەم حیزبەوە ناونرا “ڕاستكردنەوەی ڕێڕەو” و گەیشتە دەركردنی فرمانی گرتن بۆ لاهور شێخ جەنگی و دووان لە براكانی و هەندێك لە بەرپرسە نزیكەكانی بە تۆمەتی فڕاندنی هاوڵاتیان و بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات بۆ کاری تایبەت و هەروەها وەرگرتنی سەرانە و باج لە بازرگانان.