پۆلیسی راپەڕین دەستگیركردنی كچێكی دانیشتووی قەزای رانیەی راگەیاند، كە حەوت مانگ لەمەوبەر فێڵی لە زێڕەنگرێكی قەزای سۆران كردووەو پشتێنێكی ئاڵتوونی لێ بردووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بڵاویكردەوە، لەسەر سكاڵای زێڕەنگرێكی قەزای سۆران، كچێكی تەمەن 34 ساڵیان دەستگیركردووە، كە تۆمەتبارە بەوەی لەڕێگەی هەڵخەڵەتاندنەوە، پشتێكی ئاڵتوونی كە 26 مسقاڵی عەیار 21 بووە، لەو زێڕەنگەرەی بردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی پۆلیسی راپەڕین، ئەو زێڕەنگرە كە كاری نوێنەری فرۆشتنی ئاڵتوون بووە لە سنوری ئیدارەی سۆران، رۆژی 13-1-2021 سكاڵای تۆماركرد و بە پۆلیسی راگەیاندووە كە لەسەر داوای كچێكی دانیشتووی قەزای رانیە، لە ڕێگەی كڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین، پشتێنێكی ئاڵتوونی بە بڕی 26 مسقاڵی عەیار 21 لە سنوری ئیدارەی سۆران بۆ كچەكە هێناوەتە شاری رانیە، دوای ئەوەی كچەكە داوای لە نوێنەرەكە كردووە پشتێنە ئاڵتونەكە لە نزیك نۆرینگەكانی شاری رانیە لە شوێنێكی جیا تاقی بكاتەوە، لەو كاتەدا كچەكە پشتێنێكی ساختەی هاوشێوەی پشتێنە ئاڵتونەكەی لا بووەو هەر ئەوكات نوێنەرەكەی هەڵخەڵەتاندووە و پشتێنە ساختەكەی لەجیاتی پشتێنە ئاڵتونەكە داوە بە نوێنەری زێڕەنگرەكە و پشتێنە ئاڵتونەكەشی لای خۆی گل داوەتەوە و پێی وتووە لەكڕینی پشتێنەكە پەشیمان بۆتەوە.

لەدوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و بەدواداچوون، دوای زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر كێشەكەدا، لەلایەن هێزەكانی بنكەی پۆلیسی رزگاری و بە هاوكاری بنكەی پۆلیسی رانیەو بەسوود وەرگرتن لە زانیاری ورد و بەدواداچوون لەسەر دۆزینەوەی ناسنامەی كچەكە، رۆژی 2-8-2021 تۆمەتبارەكە بەناوی (م،ف،ع) تەمەن ٣٤ ساڵ، دەستگیركرا و دانی بە تاوانەكەیدا نا و ئاشكراشیكرد كە دوای 15 ڕۆژ بەسەر تاوانی هەڵخەڵەتاندنەكە، پشتێنە ئاڵتونەكەی بە كەمتر لە بەهای خۆی فرۆشتووە بە زێڕەنگرێكی شاری رانیە.