دکتۆر عەبدولڕەحمان مەولود پرۆفسۆری یاریدەر زانکۆی لۆریە، واترلو کەنەدا لە وتارێکدا کە لە شارپرێس بڵاوکراوەتەوە نووسیویەتى”لێکدانەوەی جیاواز هەیە لەسەرهۆکار و دەرئەنجامی کێشەکانی نێو یەکێتی نێشتمانی. تەنها لێکدانەوەیەك کە جیگای هەولێستی جدی بێت ئەوەیە  کە ئەم بابەتە تورکیای لە پشتە بەهۆی هەلوێستە ئیجابیەکانی کاك لاهۆر بەرامبەر کێشەی کورد لە تورکیاو ڕۆژئاوا. تورکیا لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانی و بە هاوپشتی دۆستەکانی لە ناو یەکێتی ئەم پلانگێریەی  ڕێکخستوە.

بەبڕوای ئەو مامۆستایەى زانکۆ هۆی کێشەکان هەرچی بێت، تازە جارێکیتر پاڤێڵ و لاهۆر ناتوانن بەیەکەو کاربکەن.  ئەی کەواتە چار چییە و دەشڵێت، ناچارکردنی لاهور بۆ ئەوەی لە کوردستان بچێتە دەرەوە یان کوشتنی لاهور کێشەکە ئالۆزتر دەکات چاری ناکات. ملدان بەئەمری واقع و رازی بوونی لاهور بەچوونی بۆ دەرەوەی ووڵات یان دانیشتن لەمالەوە و دورکەوتنەوە لە سیاسەت ئەگەر ڕووشبدات تەنها کاتی دەبێت. ئەمە جگە لەوەی بە دانیشتنی لاهور مەسەلەی حیزب ، دەنگدان، کۆنگرەو سیاسەتکردن هێندەیتر دەکاتە بابەتێکی روکەشی.

دکتۆر عەبدولڕەحمان مەولود ئاماژە بەوەش دەکات کە یەکێك لەچارەکان ئەوەیە، هاوشێوەی کاك نەوشیروان، لاهور لە یەکێتی جیابێتەوە و حیزبێکی نوێ دروست بکات کە بەوتەى ئەو  دروستکردنی حیزبی نوێ دەتوانێت بۆ ماوەیەك تین و گورێك بدات بە گۆرپانی سیاسی کوردی و پەردە لەسەر زۆر راستی هەلبداتەوە.

هەروەها پێشیوایە دەتوانێت کە دەنگی جیاواز لە پارتی بەزیندوویی  بهێلێتەوە لە گورەپانی سیاسی کوردستان.  ئەم جیاوازیە بۆکوردستان مەسەلەیەکی زۆر گرنگەو هەیبەتێك بۆ دەنگدان و ڕێساکانی حیزبی بهێلێتەوە، حیزب بپارێزی لەوەی ببێتە کەمپەنی یان عەشیرەت کە مولکی سەرمایەدارێك یان ئاغایەك بێت، لە کۆتاشدا  خزمەت بە کاملیبوونی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان دەکات.