ته‌موز .. مانگی كوده‌تا
مانگى حه‌وت ـ تەموز، هەر بۆ عێراقییەکان مانگی کودەتای خوێناوی نییە، بەڵکو دوای 63 ساڵ لە تێپەڕینی یەکەم کودەتا لە عێراقدا (14ی ته‌موزی 1958)، زۆری نەمابوو مێژووی كوده‌تایه‌كی تر دووبارە ببێتەوە بەڵام ئەمجارە لە بەغدادی پایته‌خت نا بەڵکو لە شاری سلێمانی.
سبه‌ینێ 27 ڕۆژه، هەموو چاوەکان لەسەر گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان دوو ئامۆزاكه لاهور شێخ جەنگی و پاف تاڵەبانییه، هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە سلێمانییان کردۆتە چەقی ململانێکانیان بەڵام نەخشەسازیی پیلانەکە لە هەولێرە.
نێچیرڤان بارزانی.. موهه‌ندیسی 8ی ته‌موز
لە ڕواڵەتدا وا دەرەکەوێت کە ناکۆکییەکانی هاوسەرۆکان، کێشەی ناوخۆیی و دەستشکاندنەوەی یەکتر بێت لەسەر پلە و پۆستی حزبی، بەڵام ئەسڵی مەسەلەکە پیلانێکە گەورەتر لە ناکۆکی دوو ئامۆزا یان دوو هاوسه‌رۆك لەسەر ئیدارەدانی حزب، پیلانێکە به هه‌ماهه‌نگی به‌ره‌یه‌كی ناو یه‌كێتی لە هەولێرەوە دیزاینکراوە، بە فلتەری مەسعود بارزانیدا تێپەڕیوە و لە ئەنقەرەش مۆر کراوە، ئەندازیارەکەشی نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی و سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.
نێچیرڤان ته‌حه‌دای مه‌سرور ده‌كات
لە چوار ساڵی ڕابردوودا، زۆرترین زۆرانبازیی و بەریەککەوتن لە نێوان مەسرور بارزانی و لاهور شێخ جەنگی ڕوویانداوە، بە تایبەت هه‌ردوولا لە سۆشیال میدیا و میدیاکانیانەوە به‌رده‌وام جه‌نگاوه‌ره‌كانیان له شه‌ڕی مانونهماندا بوون له‌گه‌ڵ یه‌كتر بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ك جه‌نگه‌كه بباته‌وه، ئه‌گه‌رچی بە ئاشكرا و سنور به‌زاندنه‌وه هێرشیان دەکردە سەر یەکتر.
له‌م كاتانه‌دا نێچیرڤان بارزانی زیاتر وا دەردەکەوت مەیلی نێوەندگیریی هەبێت نەک دژایەتی ته‌نانه‌ت به تاكه بارزانی دۆستی لاهور شێخ جه‌نگی داده‌نرا له ناو پارتیدا، به ڕاده‌یه‌ك زۆرجار قه‌ده‌غه بوو له میدیاكانی نزیكیه‌وه به خراپه قسه له‌سه‌ر نێچیرڤان بكرێت، كه‌چى له ناكاوێكدا نێچیرڤان ده‌بێته ماری دووسه‌ره و ژه‌هری خۆی به‌سه‌ر لاهوردا ده‌ڕێژی، ئه‌مه‌ش به‌لای لاهور شێخ جه‌نگییه‌وه شتێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو بووه، به‌وپێیه‌ی هه‌ر له دوای كۆنگره‌ی چواره‌وه هێڵێكی گه‌رمی په‌یوه‌ندیی له نێوان نێچیرڤان ـ لاهور دا هه‌بوو. تا ئه‌وه‌ی هه‌ندێك به دابه‌شكردنی رۆلیان داده‌نا له نێوان بارزانییه‌كان و تاڵه‌بانییه‌كان.

نێچیرڤان كۆتایی به مانگی هه‌نگوینی خۆی ده‌هێنی له‌گه‌ڵ لاهور، ئەمجارە نێچیرڤان بارزانی دەبێتە یاریزانی سەرەکی و بەڵێن بە مەسعود بارزانی مامی دەدات و به‌م نه‌سه پێی ده‌ڵێت “نەک هەر لاهور شێخ جەنگی دهوەستێنێ، بەڵکو تاوەکو کوشتنیشی لەگەڵی دەڕوات”، ئەوەش وەک تەحەداییەک بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزای.
پۆله‌تیك زانیویه‌تی، نێچیرڤان بارزانی به مامی وتووه، “مه‌سرور چوار ساڵه له‌گه‌ڵ لاهور له ململانێدایه و هیچی پێ نه‌كراوه و لاهور هه‌ر به‌هێزتر بووه، به‌ڵام بزانه من چیتان بۆ ده‌كه‌م به ته‌نسیق له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانم له ناو یه‌كێتی چۆن كۆتایی به ڕۆڵی لاهور ده‌هێنم”.
ئیقتیحامی گردی سه‌رچنار و تیرۆركردنی لاهور
بەگوێرەی زانیارییەکانى ماڵپه‌ری پۆله‌تیك، پاش ڕەزامەندی مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی دەست ده‌كات به دیزاین و پاشان جێبەجێکردنی پیلانەکەی، یەکەم هەنگاویش دەرکردنی فەرمانی سەرۆکایەتی بوو بۆ گۆڕینی بەرپرسانی هه‌ردوو دەزگای زانیاریی و دژە تیرۆری یەکێتی ئه‌ویش بە نهێنی و به‌بێ گەڕانەوە بۆ لاهور شێخ جەنگی.
پیلانەکەی نێچیرڤان بارزانی هەر بە وەشەوە ناوەستێت، بەڵکو زانیاریی تەواو هەیە کە هێزێکی ڕاهێنراوی پارتی کە سەر بە دژەتیرۆری پارتین، لە بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی پێشوەختە جێگیر ده‌كرێن و هەموو ئامادەکارییەک کراوە، کە ئەگەر هاتوو لە شەوی 8 لەسەر 9 ی تەموز و لە ئەگەری ڕوودانی گرژیی لە نێوان هێزەکانی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، ئەوا ئه‌و هێزەی پارتی ڕاسته‌وخۆ به‌ره‌و گردی سه‌رچنار جوڵه بكه‌ن و هەڵبکوتنە سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی و ده‌ستبه‌جێ تیرۆری بکەن، بەبێ ئەوەی هیچ شوێنپێی و سەرەداوێکیش جێبهێڵن.

ئه‌م ئه‌زموونه‌ی پارتی جارێكی تر له 17ی شوباتی 2011 تاقیكراوه‌ته‌وه، كاتێك پارتی هێزێكی زۆری زێره‌ڤانی هێنایه سلێمانی و ویستیان په‌لاماری نه‌وشیروان مسته‌فا بده‌ن له گردی زه‌رگه‌ته، كاتێك ئه‌م هه‌واڵه ده‌گاته نه‌وشیروان مسته‌فا سوێند ده‌خوات كه ئه‌گه‌ر پارتی په‌لاماری گردی زه‌رگه‌ته بدات، ئه‌وا هه‌ر به هێزه‌كانی یه‌كێتی ناهێڵێت یه‌ك زێره‌ڤانی به زیندووی له سلێمانی بچێته ده‌ره‌وه، ئه‌م سوێنده‌ی نه‌وشیروان ده‌گاته‌وه مه‌سعود بارزانی و به‌وشێوه‌یه پیلانی په‌لاماردانی گردی زه‌رگه‌ته شكستدههێنێ. ئه‌وكاتیش وه‌ك ئێستا به‌شێكی به‌رچاوی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی وتبوویان با پارتی بڕواته سه‌ر گرده‌كه و نه‌وشیروانمان له كۆڵ بكاته‌وه كاتێك خۆمان ناتوانین هیچی به‌رامبه‌ر بكه‌ین.
ڕاهێنانێكی چڕ‌وپڕ له توركیا
هه‌ر بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو هێزەی پارتی كه بڕیاربوو هه‌ڵبكوتنه سه‌ر گردی سه‌رچنار، ماوه‌یه‌ك پێش 7ی ته‌موز لە تورکیا و لە لایەن هێزی تایبەتی دژە تیرۆری تورکیاوە ڕاهێنان و مه‌شقی چڕ‌وپڕیان پێکراوە، بۆ ئەوەی بە وردیی پیلانەکە جێبەجێ بکەن و هیچ هەڵەیەکیش ڕوونەدات، چونكه حسابیان بۆ ئه‌وه‌ش كردبوو به بچوكترین هه‌ڵه دۆخه‌كه له ده‌ست ده‌رده‌چێت و سلێمانی وه‌كو سوریای لێ دێت.
به‌یانی ڕۆژی 9ی ته‌موز، پارتی بە بیانوی پاراستنی بارەگاکانی، نیازی هەبووە کە هێزێکی زۆری زێرەڤانی ڕەوانەی سلێمانی بکات، کە لە بنەڕەتدا بۆ پشتگیرکردن بووە لە به‌ره‌ی دەباشان، ئەگەر هاتوو پێکادان ڕوویدا، بەڵام هەر زوو لەژێر هەڕەشەی لایه‌نێكی عێراقی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه.
پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پیلانی تیرۆركردنی لاهور
نەبوونی کاردانەوەی توند و عه‌سكه‌ریی لاهور شێخ جەنگی لە ڕۆژی 8ی ته‌موز و شه‌وه‌كه‌شی و له ڕۆژانی سەرەتای کێشەکاندا، وایکرد زه‌مینه نه‌ڕه‌خسێ بۆ جێبه‌جێكردنی پیلانی تیرۆركردنه‌كه، چونكه پیلانه‌كه وادیزاین كرابوو له ساته‌وه‌ختی دروستبوونی شه‌ڕ و پشێویی له نێوان هاوسهرۆكاندا جێبه‌جێ بكرێت، كه ئه‌وه ڕووینه‌دا ئۆتۆماتیكی پیلانه‌كه پوچه‌ڵ بوه‌ته‌وه.
ئه‌وه به‌شێكه له هۆكاری پۆچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پیلانه‌كه، به‌ڵام زانیارییه‌كان ئاماژه بۆ هۆكارێكی به‌هێزتر ده‌كه‌ن بۆ سفركردنه‌وه‌ی پیلانه‌كه و مردنی پێش ئه‌وه‌ی له دایكبێت.
هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی ئهبوفهدك
ماڵپه‌ری پۆله‌تیك زانیویه‌تی، به‌رپرسانی به‌غدا و به دیاریكراویش حه‌شدی شه‌عبی هه‌رزوو بۆنی ئه‌م پیلانه‌یان كردووه (به‌ڵام نازانرێت چۆن كه‌شفیان كردووه)، ده‌ستبه‌جێ دێنه سه‌ر خه‌ت و په‌یامێك ئاڕاسته‌ی سه‌ركردایه‌تی هه‌ره باڵای پارتی و یه‌كێتیش ده‌كه‌ن، كه ئه‌گه‌ر پارتی هەر هێزێک ڕەوانەی سلێمانی بکات یان یه‌كێتی بكه‌وێته ناو دۆخی پێكدادانی عه‌سكه‌ریی، ئه‌وا هێزه‌كانی حەشدی شەعبی له چه‌ند كاتژمێرێكدا له كه‌ركوكه‌وه دەگهنه قوڵایی سلێمانی و هه‌موو شاره‌كه كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش ده‌كرێت ئاراز شێخ جه‌نگی به‌هۆی په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی حه‌شد ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه له هێنانه سه‌ر خه‌تی حه‌شدی شه‌عبی.
به‌پێی زانیارییه‌كانیش، ئهبوفهدك محه‌مه‌داوی فه‌رمانده‌ی ئه‌ركانی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌و كه‌سه بووه كه په‌یامه هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی ئاڕاسته‌ی پارتی و یه‌كێتی كردووه، وتویه‌تی بۆ چوونه سلێمانى ڕه‌زامه‌ندی له ئێرانییه‌كان و كازمیش وه‌رگرتووه چونكه به‌غدا ڕێگه نادات خوێنی رۆڵه‌كانی گه‌لی عێراق له سلێمانی وه‌ك شارێكی عێراقی بڕێژرێت.
بۆیه نه‌بوونی كاردانه‌وه‌ی توند و دانبه‌خۆداگرتنی لاهور شێخ جه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ئیشی خۆی ده‌كات و سلێمانی له شه‌ڕێكی بێ ئامانى درێژخایه‌ن خوێناویی ده‌پارێزێت، كه پێشبینی ده‌كرا هه‌موو هێزه ناوخۆیی و ئیقلیمییه‌كان ده‌ستوه‌ردانی تێدا بكه‌ن و سلێمانی بكه‌نه سوریایه‌كی بچوككراوه و هه‌زاران كه‌س ببنه قوربانی.