وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم، بۆ رێگریكردن لە خۆدزینەوە لە گومرگ و باج، داوای هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی ھەرێم دەكات، دەشڵێت: بە رێگریكردن لەو كەسانەی خۆیان لە باج و گومرگ دەدزنەوە، بە ئاسانی داھاتی سنوری پارێزگای سلێمانی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.
ئەمڕۆ 3-8-2021، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری، سەردانی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی كرد و لەگەڵ د. خەسرەو گوڵ محەمەد، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ھەرێم كۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی، لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەریەك لە یاسین عەبدولواحید، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی دارایی و د. كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانوبەرەی میری و ھیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئامادەبوون، باس لە نەھێشتنی كاری نایاسایی و خۆدزینەوە لە باج و گومرگ كرا، ھەردوولاش جەختیان لە ھەماھەنگی نێوانیان كردەوە.
وەزیری دارایی باسی لەوە كرد بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی ھەرێم، دەتوانرێت رێگری لەو كەسانە بكرێت كە خۆیان لە باج و گومرگ دەدزنەوە، بەم كارەش بە ئاسانی داھاتی سنوری پارێزگای سلێمانی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.
لای خۆیەوە، خەسرەو گوڵ محەمەد ئامادەیی خۆی نیشاندا بەوەی ئاسایش بۆ پاراستنی گیانی ھاووڵاتیان و ئابووری و داھاتی ئەم وڵاتەیە، بۆیە دەبین بە پاڵپشتییەكی گەورە بۆ وەزارەتی دارایی.