مهسعود بارزانی، له یادی حهوت ساڵهی جینۆسایدی شنگال رایگهیاند، شنگال برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان و ئازارێكە هەرگیز لە یادی كوردستانیان ناچێتهوه.
سهرۆك بارزانی له پهیامهكهیدا ئاماژهی بهوه كرد، باش دەزانین لە كاتی پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان، ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران.
ئاماژهی بهوهش كرد، ئەو تاوانەی داعشیش لە دەڤەری شنگال ئەنجامی دا، درێژكراوەی ئەو زنجیرە جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانە بوو، كە بە درێژایی مێژوو دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام دراوە.
دهقی پهیامهكهی مەسعود بارزانی له یادی حهوت ساڵهی جینۆسایدی شنگال:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شنگال برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان و ئەوەی تیرۆریستانی داعش حەفت ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا، ئازارێكە هەرگیز لە یادی كوردستانیان ناچێت. ئێمە باش دەزانین لە كاتی پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان، ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی رق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆسایدكران. ئەو تاوانەی داعشیش لە دەڤەری شنگال ئەنجامی دا، درێژكراوەی ئەو زنجیرە جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانە بوو، كە بە درێژایی مێژوو دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام دراوە.
لە حەفتەمین ساڵیادی ئەو كارەساتەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین و بە رێز و شكۆوە یادی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەكەینەوە، كە بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شاری شنگال خوێنیان بەخشی و سەری داعشی دڕندەیان خستە ژێر پێی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان و تۆڵەی ئەو ناهەقی و زوڵمەیان لە تیرۆریستان كردەوە.
جێگەی داخێكی زۆریشە دوای تێپەڕینی حەفت ساڵ بەسەر ئەو كارەساتەدا هێشتا ئێش و ئازاری ئێزییدییەكان هەر بەردەوامە، شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە، كە هیچ پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی شنگال و ئێزیدییەكانەوە نییە. هەر ئەوانەش رێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی شنگال. لێرەدا بۆ خوشك و برایانی ئێزیدی ئەوە دووپات دەكەمەوە، كە بە هەموو توانایەك لەگەڵ داخواز و ئازارەكانیان دام. داواشیان لێ دەكەم لە ناوخۆیان یەكڕیز بن و ئومێدیان هەبێت و دڵنیاشیان دەكەمەوە هەر شتێك لەسەر بنەمای زوڵم و خۆسەپاندن بێت دواجار هەر كۆتایی دێت و ئەو دۆخە نائاسایی و نایاساییەی ئێستا لە شنگالدا هەیە، هەتا سەر نابێت و دەبێ خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
مسعود بارزانی
3ـی ئابی 2021