دوران کاڵکان، ڕایدەگەیەنێت، سلێمانی شارێکی زۆر گرنگە، بە وڵاتپارێزیی ناسراوە، نابێت سلێمانی وەک هەولێر و دهۆکی لێبێت و دەڵێت؛ پێمانوایە، بەرپرسانی یهكێتی و خەڵکی وڵاتپارێزی سلێمانییش ڕێگا بەمە نادەن، داواش دەکات، یهكێتی کێشەکانی خۆی لەسەر هێڵی نەتەوەیی و یەکڕیزیی و وڵاتپارێزیی چارەسەر بکات.
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە، شەوی ڕابردوو لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفیزیۆنی مەدیا هەبەر-دا، تیشکی خستە سەر ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان، کۆمەڵکوژیی شەنگال و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.
کاڵکان، سەرنجی ڕاکێشایە سەر پارچەبوون و یەکنەگرتنی کوردان و نەبوونی ستراتییەکی هاوبەشی وەک هۆکاری واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان ناوبرد و ڕایگەیاند: لۆزان بەرپرسە لە دۆخی ئێستای کوردان.
دوران کاڵکان، باسی لەوەش کرد، کە ئەوەی ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا بەسەر کورددا هات، ئێستاش هەمان دۆخ بەردەوامە و وتی: هێزە نێودەوڵەتییەکان و هێزە داگیرکەرەکان، سیاسەتێکی هاوبەشیان هەیە بۆ ئەوەی یەکڕیزیی لەناو کورددا دروست نەبێت.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، هەروەها وتی: بەهۆی ئەوەی پەکەکە، لەبەرامبەر داگیرکارییدا دەوەستێ، ڕووبەڕووی هێرشیکی گەورە بووەتەوە، هەمان شت بۆ یەنەکەش ڕاستە.
کاڵکان، ڕوونیکردەوە، ‘یهكێتی هەڵوێستی نەتەوەیی هەبوو، لەبەرامبەر داگیرکاریی هەڵوێستی نیشان دا، هەربۆیە کێشەی ناوخۆییان بۆ دروستکردن، چۆن هێرش دەکەنە سەر پەکەکە، هەمان شت بۆ یەنەکەش دەکەن’.
دوران کاڵکان، جەختیکردەوە، پێویستە زۆر ئاگادار بین، دووژمنانە لەبەرامبەر یەکڕیزیی کوردان ناوەستن، بۆیە یهكێتی و هەموو ئەو هێزانەی دەیانەوێت کورد خاوەن هەڵوێستێکی هاوبەش بێت، هێرشیان دەکرێتە سەر.
هەروەها، بەبیری هێنایەوە، کە لە سەرەتای ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی یهكێتی، کۆمیتەی پەیوەندیی دەرەوەی پەکەکە ڕاگەیەندراوی دابوو، ئێستاش پەکەکە هەمان هەڵوێستی هەیە و وتی: کات کاتی یەکێتییە، نەک شەڕی ناوخۆیی ناو حزبەکان، ڕۆژ ڕۆژی هێڵێکی نەتەوەیی دیموکراتیکە، کێشەی کورد بە یەکڕیزیی و لەسەر هێڵی ئازادیی و نەتەوەیی چارەسەر دەبێت.
کاڵکان هیوای خواست، یهكێتی کێشەکانی خۆی لەسەر هێڵێکی نەتەوەیی و یەکڕیزیی و وڵاتپارێزیی چارەسەر بکات.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پهكهكه، ئاماژەی بۆ گرنگیی شاری سلێمانی کرد و وتی: سلێمانی شارێکی زۆر گرنگە، بە وڵاتپارێزیی ناسراوە، نابێت سلێمانی وەک هەولێر و دهۆکی لێبێت، ئەگەر وای لێبێت، زۆر مەترسیدارە، پێمانوایە بەرپرسانی یهكێتی ڕێگا بەوە نادەن، باوەڕمان وایە خەڵکی وڵاتپارێزی سلێمانییش ڕێگا بەمە نادەن، نابێ کەس ڕێگا بەمە بدات.
کاڵکان، جەختیکردەوە، “هەڵوێستی یەنەکە زۆر گرنگە، پێمانوایە، یەنەکە لە کاتێکی نزیکدا بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی، ئەو کێشانە چارەسەر بکات”.
وتیشی: پێویستە هەڵوێستی یەکگرتنی کوردان لەسەر خەتی نەتەوەیی وئازادیی و دیموکراتیی، لە سلێمانییەوە بجێتە هەموو شوێنێک، سلێمانی شاری هونەر و ئەدەب و نیشتیمانپەروەرییە.
دوران کاڵکان، هەروەها وتی: داهاتووی کورد لەسەر سیاسەتی کوردان بەندە، لە کاتێکی وا مەترسییداردا، دەبێت کوردان بەرپرسیاریی خۆیان بەجێبێنن، ئێمە وەک پەکەکە سەدا سەدا بەو جۆرە هەڵسوکەوت دەکەین، لە دەرەوەی ئەوە شتێکی تر ناکەین، هەمان شتیش لە هەموو حزبە کوردییەکان و زانایانی کورد دەخوازین.