سنورمیدیا
بەهۆی نیگەرانییەكانیان لە دۆخی ئێستای حزبەكەیان، كادرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنی عێراق دەكەن.
دوێنێ یەكشەممە لە شارۆژكەی دەربەندیخان و لەیادی شەهیدەكانی حزبەكەی، مەحمود سەنگاوی، سەركردەی دیاری یەكێتی ئاشكرایكرد، كادرو لایەنگرانی یەكێتی پێی دەڵێن” بەهۆی دۆخی ئێستای یەكێتییەوە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەن”.
محەمەد كەریم، كادرێكی گەنجی یەكێتییە لە سلێمانی، ئەو نیگەرانە لە دۆخی ئێستای حزبەكەی و بڕیاریداوە بایكۆتی هەڵبژاردنی عێراق بكات.
محەمەد لەو بارەیەوە بە سنورمیدیای وت”یەكێتی گەڕاوەتەوە بۆ پێش كۆنگرەی چوارەم، دووبارە بۆتەوە گروپ و دەستەو هەموان دەیانەوێت دەسەڵاتەكانی خۆیان زیاتر بكەن”.
سارا نەجم، كچە شەهیدیی یەكێتی لەو بارەیەوە وتی”لاهوری شێخ جەنگی، كەسایەتییەكی خۆشەویستە لای یەكێتییەكان و خەڵكی سلێمانیش، ئەگەر ئەو لەكاتی هەڵبژاردن دووربێت و بانگەشە نەكات، بێگومان یەكێتی ئەگەر دەنگەكانی كەمیش نەكات، ئەوا زیاد ناكات”.
بەپێی زانیارییەكانی سنورمیدیا، لە ئێستادا ژمارەیەك كادر و لایەنگری یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دەیانەوێت لەڕێگەی هەڵمەتێكەوە سزای حزبەكەیان بدەن و لەسەر لیستی دەنگدەران ناوی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بنوسن.
ڕۆژی 8ی مانگی رابردوو، بافڵ تاڵەبانی، بەبەێ گەڕانەوە بۆ حزبەكەی بەرپرسی یەكەمی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەمەش نیگەرانی لاهور شێخ جەنگی، لێكەوتەوە و كێشەكانی نێوانیان پەرەی سەند.