نوێنەری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق رایگەیاند، رێككەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا كراوە و بڕیارە ئەم هەفتەیە دوو لیوای هاوبەشی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، دەست بە مەشق و راهێنان بكەن و دواتر لە ناوچە كوردستانییەكان دەستبەكار دەبن.

 لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، هەرێم و بەغدا لەبارەی دروستكردنی دوو لیوای هاوبەش بۆ ناوچە كوردستانییەكان گەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی و بڕیارە ئەم هەفتەیە هەردوو لیواكە دەست بە مەشق و راهێانان بكەن و دواتریش بەپێی پێویست بەسەر ناوچە كوردستانییەكاندا دابەش دەكرێن.

نوێنەری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق ڕوونیشی كردەوە، بۆ ئەو دوو لیوایەی دروست دەكرێن، كەسانی نوێ دانامەزرێن و لە هێزەكانی ئێستا لە هەردوو لا بۆ ئەو دوو لیوایە دیاری كراون، بۆیە ئەمە هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان سەقامگیریی بۆ بگەڕێتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا، چوار ژووری هاوبەشی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە كوردستانییەكان دروست كران و، ئێستاش بڕیارە دوو لیوای هاوبەشی دیكە بۆ ئەو ناوچانە دروست بكرێن، كە ئەمەریكا خۆی سەرپەرشتیی ئەو دوو لیوایە دەكات و پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكات.